بەهۆی لێكەوتەی جەنگی ئەمریكا- ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ، هێرشە درۆنی و مووشەكییەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان بەردەوامن.
تەنها لە رۆژی رابردوودا، لە رێگەی درۆنەوە زیاتر لە 20 هێرش كراوەتە سەر هەولێر، جگە لە ناوەندی هەولێر، خەلیفان و كۆیەش كراونەتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەكان، هێرشەكان زیانی گیانییان نەبووە و زۆرینەی درۆنەكانیش تێكشكێندراون بەتایبەت لە نزیك فڕۆكەخانە، گوندی گەزنە، كۆیە و خەلیفان.
ئەم هێرشانەی سەر هەرێمی كوردستان لەكاتێكدان، لە دەسپێكی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوبات، هەرێمی كوردستان بە زیاتر لە 300 درۆن و مووشەك بۆردوومان كراوە.
زۆرینەی هێرشەكانی سەر هەرێمیش گرووپەكانی مقاوەمەی ئیسلامی لە ئەستۆی دەگرن.