رۆژی پێنجشەممە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەبێتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی

کوردستان 08:25 PM - 2026/03/17


لە رۆژی 19 ئادارەوە، واتا ئەم پێنجشەمەیە، ناوی "فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی" بەڕەسمی دەگۆڕدرێت بۆ "فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی".
جا با پێكەوە بزانین ئەم هەنگاوە واتا "گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی" كێ هەوڵی بۆداوە و ئامانجیش لێ چییە.
گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەكە لەسەر داوای دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی بووە و دەرئەنجامی چوار ساڵ هەوڵدانی دامەزراوەكەیە.
باڵیۆز دكتۆر محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی دەڵێت: سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆكی وڵاتانی تر شایستەی ئەوەیە بە هەموو شێوەیەك رێز لە خەبات و تێكۆشانی بگیرێت. دەشڵێت، ناونانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەناوی سەرۆك مام جەلال-ەوە خزمەتێكی بچووكە بە خەبات و تێكۆشان و هەوڵەكانی ئەو سەرۆكە بۆ گەلی كورد و گەلانی عیراق. هەوەها  هێشتنەوەی سەرۆك مامجەلالە بەزیندوویی، وەك سەرجەم سەركردەی وڵاتانی تر كە ناوی فڕۆكەخانەی وڵاتەكەیان كردووە بەناوی سەرۆكەكانیانەوە.
جا با بزانین كێ بڕیاری گۆڕینی ناوی "فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی" بۆ"فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی" داوە؟
دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی شارستانیی عیراق بە رەسمی بڕیاریداوە ناوی "فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی" لە جیاتی "فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی" جێگیر بكرێت، ئەمەش بەپێی ئەو هەموارەی  لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی شارستانیی عیراقەوە لە چوارچێوەی بڵاوكراوەی زانیارییەكانی فڕۆكەوانیدا دەرچووە.
بەپێی بڕیارەكە گۆڕینی ناوەكە لە رۆژی 19 ئاداری ئەمساڵەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، تێیدا ناوی نوێ لە سەرجەم نووسراوە رەسمییەكان، نەخشە، گەشتە ئاسمانییەكان و بەڵگەنامە پەسەندكراوە پەیوەندیدارەكاندا جێگیر دەكرێت.
ئەم رێكارە لە چوارچێوەی ئەو نوێكارییە رەسمییانەدایە كە لە كەرتی فڕۆكەوانیی شارستانیی عیراقدا پەسەند كراون، كە هەمواركردنی كۆد، نیشانە و زانیارییە تەكنیكییەكانی پەیوەست بە فڕۆكەخانەكە دەگرێتەوە.
بەهۆی گرژییەكانی ناوچەكەوە، رۆژی پێنجشەممە هیچ رێوڕەسمێكی رەسمی لە فڕۆكەخانەكە ئەنجام نادرێت و تەنها ناوەكەی دەگۆڕدرێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو