جەنگی ئەمریكا - ئیسرائیل لەگەڵ ئیران پێی نایە هەژدەیەمین رۆژییەوە، جارێكیتر چەند شارێك لە پارێزگا جیاوازەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان رووبەڕووی هێرشێكی چڕی ئاسمانی بوونەوە.
لە 28ـی شوباتی رابردووەوە ئەمریكا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان كردە سەر ئێران.
وەك وەڵامێك بۆ ئەو هێرشانە، تاران خاكی ئیسرائیل و چەندین بنكە و بارەگای هێزەكانی ئەمریكای لە وڵاتانی كەنداو بە مووشەك و درۆن كردە ئامانج، پاساوی تاران بۆ ئەو كارەش ئەوەیە، هێزەكانی ئەمریكا خاكی ئەو وڵاتانە بۆ لێدانی ئێران بەكاردەهێنن، لەو كاتەوە واتا 28 مانگی رابردوو، جەنگ لە نێوان هەرسێ وڵات هەڵگیرساوە و ئێستا جەنگەكە پێی ناوەتە هەژدەیەمین رۆژیەوە.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، جارێكی تر لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریكاوە هێرش كراوەتە سەر چەند شارێكی جیاوازو بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، ئامانجی هێرشەكان بنكە و بارەگا سەربازییەكان بوون و یەكێك لەو شوێنانەی بۆردوومان كراوە تارانی پایتەختی وڵاتەكە بووە.
لەگەڵ هێرشەكانی سەر چەند ناوچەیەكی جیاواز لە تاران، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شارەكانی كەرەج، مازەندەران، ئیسفەهان بەندەر عەباس، خۆڕەمشار، لارستان، چابەهار، ئابادان و تەورێز بیستراوە.
هەروەها لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش دەنگی تەقینەوە لە مهاباد، بۆكان، سەوڵاوا لە پارێزگای سنە و كرماشان بیستراوە، بەڵام تا ئێستا زیانەكان رانەگەیەندراون.
بەپێی ئامارەكانی مانگی سووری ئێرانی، لە ئەنجامی هێرش و بۆردوومانەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە تاوەكو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار كەس كوژراون. لە بەرامبەردا، ئەمریكا كوژرانی 13 سەربازی خۆی لەم جەنگەدا راگەیاندووە.