بڕیارە سبەینێ جارێكی تر لە دادگای رەسافەی بەغداد، دووەم دانیشتنی دادگایكردنی جەلادەكەی نوگرە سەلمان، عەجاج حەردان بەڕێوەبچێت.
رۆژی 7ی ئایاری 2026 یەكەم دانیشتنی دادگایی كردنی (عەجاج ئەحمەد حەردان) یەكێك لە ئەفسەرە تاوانبارەكانی زیندانی نوگرە سەلمان بەرێوەچوو، تێیدا، 25 سكاڵاكارو شایەتحاڵ چوونە بەردەم دادوەرو وتەیان لێوەرگیراو دوای هەشت سەعات لە دادگایكردنەكە دادگای باڵای تاوانەكان، دادگاییكردنی عەجاجی بۆ رۆژی 14ی ئایاری 2026 دواخست.
تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان، لە دادگای باڵای تاوانەكان لە بەغدا دادگایی دەكرێتو زیاتر لە 300 سكاڵای لەسەر تۆماركراوە.
ئەیاد كاكەیی پارێزەری دۆسیەی دادگاییكردنی عەجاج دەڵێت، عەجاجی بەڕێوەبەری پێشووی زیندانی نوگرە سەلمان، دانی بە تاوانەكانیدا ناوە كە بریتین لە ئەشكەنجەدان، برسیكردن، دەستدرێژیكردنە سەر ژنانو چەندین تاوانی جەنگیی تر بەرامبەر بە كوردانی ئەنفالكراو. دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار دانی بە تاوانەكانیدا ناوە، پڕۆسەی دادگاییكردنەكە ئاسانتر دەبێت و دادگا تەنیا پێویستی بەوە دەبێت گوێ لە وتەی ژمارەیەك لە سكاڵاكار بگرێت پێش ئەوەی بڕیاری كۆتایی بدات.
دەزگای هەواڵگریی عیراق لە 31ـی تەمموزی 2025 دەستگیركردنی عەجاج ئەحمەد حەردانی لە شارۆچكەی زلوعییە راگەیاند. دوای دەستگیركردنیشی لە سلێمانی، كەلار و چەمچەماڵ وتەی سكاڵاكاران و شایەتحاڵەكان لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە وەرگیراوەو خرایە ناو دۆسیەكەوە.