كەشناسی عیراق: رۆژی هەینی شەپۆلێكی خۆڵبارین وڵات دەگرێتەوە

کوردستان 01:14 PM - 2026/05/14

كەشناسی عیراق: رۆژی هەینی شەپۆلێكی خۆڵبارین وڵات دەگرێتەوە
دەستەی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی عیراق پێشبینی دەكات، رۆژی هەینی وڵات رووبەڕووی شەپۆلێكی خۆڵبارین ببێتەوە و چڕییەكەشی لە هەندێك ناوچەدا بەرز دەبێت.
دەستەی گشتی كەشناسی و چاودێری بوومەلەرزەزانی عیراق لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە، رۆژی هەینی ناوچەكانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی وڵات، لەگەڵ بەشەكانی باشووری رۆژئاوا، دەكەونە ژێر كاریگەری شەپۆلێكی خۆڵبارینی مامناوەند و چڕ.
ئاماژەی بەوەكردووە، شەپۆلەكە لە ئەنجامی پاڵنانی بارستە هەوایەكی پلە گەرمی مامناوەندە كە بایەكی باكووری رۆژئاوای چالاكی لەگەڵدایە و خێراییەكەی دەگاتە (50-60) كیلۆمەتر  لە سەعاتێكدا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، كاریگەرییەكە لە ناوچە بیابانی و كراوەكاندا بەهێز دەبێت، چونكە پێشبینی دەكرێت مەودای بینین بە شێوەیەكی بەرچاو كەم ببێتەوە بۆ كەمتر لە یەك كیلۆمەتر. كەشناسی عیراق راشیگەیاند، شەپۆلەكە لە كاتەكانی شەوی هەینیدا بەرەو ناوچەكانی تری وڵات درێژدەبێتەوە و تا رۆژی شەممە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشور بەردەوامی دەبێت.
دەستەكە داوای لە هاووڵاتیان كردووە، بەتایبەتی شۆفێرانی ئۆتۆمبێل لەسەر رێگا دەرەكییەكان و ئەو كەسانەی نەخۆشی هەستیاری و تەنگە نەفەسییان هەیە، ئاگادار و هۆشیار بن و رێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ خۆپاراستن لە شوێنەوارەكانی شەپۆلی تۆز و خۆڵەكە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو