ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا راپۆرتێكی لەسێرگی كاراكایێڤ، فەرماندەی هێزەكانی مووشەكی ستراتیژییەوە سەبارەت بەتاقیكردنەوەی سیستەمی مووشەكی سارمات پێگەیشت.
دوای گوێگرتن لەراپۆرتی كاراكایێڤ سەبارەت بەتاقیكردنەوەی سەركەوتووانەی سیستەمی مووشەكی سارمات، پوتین رایگەیاند، سارمات بەهێزترین سیستەمی مووشەكییە لەجیهاندا، كە كۆی توانای باری سوودبەخشی مووشەكەكە زیاتر لەچوار هێندەی هەر هاوتایەكی هاوشێوەی ڕۆژئاواییە.
ئاشكراشیكرد، مەودای موشەكی سارمات 35 هەزار كیلۆمەتر تێدەپەڕێنێت، ئەم موشەكە نەك تەنها دەتوانێت لەسەر ڕێڕەوێكی بالیستی بفڕێت، بەڵكو لەسەر ڕێڕەوێكی ژێر خولگەییش دەتوانێت بفڕێت. پوتین ئاماژەی بەوەشكردووە، سیستمی سارمات لەدەسەڵاتدا بەراورد دەكرێت بە سیستەمی ڤۆیڤۆدا كە لەلایەن سۆڤیەت دروستكراوە و تا ئێستاش لە روسیا لە خزمەتدایە.
مووشەكی سارمات لە لایەن ناتۆوە بە شەیتانی دووەم ناسراوە و یەكەمین مووشەكی بالیستیكی نێوان كیشوەرەكانە كە پۆلێن كراوە بە مووشەكی سوپەر قورس كە لە دوای رووخانی یەكێتی سۆڤیەت لەلایەن روسیا بەرهەم هێنراوە.