دووەمین دانیشتنی دادگایی كردنی عەجاج ئەحمەد حەردان جەلادەكەی نوگرە سەلمان لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەسافە لە بەغداد دەستیپێكردو پێدەچێت ئەمڕۆ بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسیەكەی بدرێت.
لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەسافە، دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج تكریتی بەڕێوەدەچێت. ئەیاد كاكەیی، پارێزەری قوربانییان ڕایگەیاندووە كە پێدەچێت ئەمڕۆ بڕیاری كۆتایی بدرێت، چونكە تۆمەتبارەكە خۆی دانی بە تاوانەكانی ئەشكەنجەدان، برسیكردن و دەستدرێژیكردنە سەر ژنان ناوە. یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنەكە لە 7ـی ئایاری 2026 بە ئامادەبوونی دەیان شایەتحاڵ و كەسوكاری ئەنفالكراوان بەڕێوەچوو، كە تێیدا وتەی سكاڵاكاران وەرگیرا.
دەزگای هەواڵگریی عیراق لە 31ـی تەمموزی 2025 دەستگیركردنی عەجاج ئەحمەد حەردانی لە شارۆچكەی زلوعییە راگەیاند. دوای دەستگیركردنیشی لە سلێمانی، كەلار و چەمچەماڵ وتەی سكاڵاكاران و شایەتحاڵەكان لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە وەرگیراوەو خرایە ناو دۆسیەكەوە.
لە دانپێدانانەكانی عەجاج-دا ناوی 8 ئەفسەری تر هاتوون كە لە ئەنجامدانی تاوانەكاندا هاوبەشی بوون. ئارام نووری یارە، بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەڵێت، ئەو ئەفسەرانە تاوەكو ئێستا دەستگیرنەكراون، بەڵام هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامەو چەند سەرەداوێك لەبەردەستدان بۆ دەستگیركردنیان.
قەڵای نوگرەسەلمان لە پارێزگای موسەننا، لە ناوچەیەكی بیابانیی نێوان عیراق و سعودیە هەڵكەوتووە. لە سەردەمی حیزبی بەعسدا، ئەم شوێنە كرا بە ناوەندی كۆكردنەوە و لەناوبردنی كوردانی ئەنفالكراو. بەپێی ئامارەكان زیاتر لە نۆ هەزار كەس كە زۆرینەیان منداڵ و كەسانی بەتەمەن بوون لەوێ زیندانی كرابوون.