شێروان شێروانی لە دوای 22 ڕۆژ لە مانگرتن، تەندروستیی تەواو تێكچووە و زۆر بە زەحمەت دەتوانێت بجووڵێت، ئەمە وتەی براكەیەتی، دەشڵێت بەرپرسانی زیندان پێیان وتووە ناهێڵن پزیشك بتبینێت تا مانگرتن نەشكێنیت، بەڵام ئەو سوورە لەسەر هەڵوێستەكەی.
بەوتەی كەسوكاری شێروان شێروانی كە قسەیان بۆ كەناڵی گەلی كوردستان كردوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، شێروان شێروانی تەندروستی تێكچووەو ئیدارەی چاكسازی نەیانهێشتووە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، بۆیە تادێت تەندروستی زیاتر تێكدەچێت.
شێروانی شێروانی لە 22ی نیسانی 2026 مانگرتنی ڕاگەیاندووەو تاوەكو ئێستا بەردەوامە.
بەوتەی محەمەد عەبدوڵا، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی شێروان شێروانی، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 21 ڕۆژ، كێشی ئەم ڕۆژنامەنووسە 10 بۆ 15 كیلۆ دابەزیووە، بەڵام هێشتا ورەی بەرزە.
شێروان شێروانی، دوو داواكاری سەرەكی هەیە بۆ ئەوەی كۆتایی بە مانگرتنەكەی بهێنێت، یەكەم، وەك هەر زیندانییەكی تر سێ مانگ جارێك مۆڵەتی هەفتەیەك سەردانی كەسوكاری پێبدرێت، دووەم، داوا دەكات ئەو ماوەیەی لە سزاكەی ماوە بگوازرێتەوە بۆ زیندانی چاكسازی لە پارێزگای سلێمانی.
بۆ مەبەستی قایلكردنی شێروان شێروانی بۆ شكاندنی مانگرتنەكەی، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم سەردانی كردووە. هەروەها وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی لەسەر هێڵن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك. تیمی پارێزەرانیش ئاماژەیان بەوە كردووە، هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە تاوەكو لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم كێشەیە یەكلایی بكرێتەوە.
شێروان شێروانی لە 16ـی شوباتی 2021 بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" لەگەڵ ژمارەیەك چالاكوانی تر بە شەش ساڵ زیندانی سزادرا.
دواتر لە شوباتی 2022 بە فەرمانی سەرۆكی هەرێم 50%ـی سزاكەی كەمكرایەوە. ئەمە لە كاتێكدایە بەپێی ماددەی 35 لە یاسای ڕۆژنامەگەری ساڵی 2007، نابێت ڕۆژنامەنووس دەستگیر بكرێت بەبێ فەرمانی دادگاو ڕەزامەندی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان.
ڕووگەش جەباری، هاوسەری شێروان شێروانی، لە نامەیەكدا داوای لە ئەمریكا كردووە ڕێگری بكەن لەوەی هاوسەرەكەی لە زینداندا گیان لەدەستبدات. ئاماژەی بەوە كردووە، نابێت تەنیا لەبەر كاری ڕۆژنامەوانی و كۆبوونەوە لەگەڵ دیپلۆماتكارانی ئەمریكا، ژیانی هاوسەرەكەی بكەوێتە مەترسییەوە.