ئەمڕۆ لەدادگای رەسافە، دانیشتنی دووەمی دادگایی كردنی عەجاج، جەلادەكەی نوگرەسەلمان بەڕێوەچوو، دادوەر سزای لەسێدارەدرانی بۆ ناوبراو دەركرد.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 14ی5ی2026 دووەم دانیشتنی دادگایی كردنی عەجاج، جەلادەكەی نوگرە سەلمان لەدادگای رەسافە لەبەغداد بەڕێوەچوو، دادگاكە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ عەجاج دەركرد.
ئەمەش لەكاتێكدایە، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو 7ی 5ی 2026، بەئامادەبوونی دەیان شایەتحاڵ و كەسوكاری ئەنفالكراوان، یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی (عەجاج ئەحمەد حەردان تكریتی) لەدادگای رەسافە لەبەغداد بەڕێوەچوو، دواتر دادگاییەكە بۆ ئەمڕۆ دواخرا، بەمەبەستی تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان و بیستنی وتەی شایەتحاڵەكانی دیكە.
هاوكات لەیەكەم دانیشتندا، 25 سكاڵاكارو شایەتحاڵ چوونە بەردەم دادوەرو شاهێدیانداو وتەكانی خۆیان لەسەر تاوانەكانی ئەو جەلادە تۆمار كرد، دوای بیستنی وتەكان، دادگا بڕیاری دواخستنی دانیشتنەكەی داو بەپێی زانیارییەكان كۆی گشتی 221 كەس لەپارێزگاكانی سلێمانی، هەولێر، دهۆك، دیالە و سەلاحەدین وەك شایەتحاڵ بانگهێشتی دادگاییەكە كرابوون، تاوەكو لەم كەیسەدا وتەیان لێ وەربگیرێت.
تاوانبار عەجاج ئەحمەد حەردان، یەكێك بووە لەسەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لەپارێزگای سەماوە لەباشوری عیراق و رۆژی 31ی 7ی 2025، هەواڵی دەستگیركردنی لەلایەن نوسینگەی خانمی یەكەمی پێشووی عیراقەوە راگەیەندراو داواش لە زیندانیكراوان و كەسوكاری زیندانیكراوان و بێسەرشوێنبووەكان كرا پەیوەندیان پێوەبكەن بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو تاوانبارە.