قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە "دیالۆگی عیراق 2026" کرد، کە لەلایەن ئەنجومەنی ئەتڵەنتیکەوە لە واشنتۆن ڕێکخرابوو، لەدیالۆگەکەدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی عیراقی و نێودەوڵەتی گفتوگۆیان کرد بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنی ناوچەیی و سەقامگیریی سیاسی و ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە دیالۆگەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆڵی عیراق پەیوەستە بە ویستی خۆیەوە کە ئایا دەیەوێت وەک خاڵی بەهێز یان لاواز سەیری پێگەکەی بکرێت، ئەگەر عیراق بیەوێت پێگەی جوگرافیی خۆی وەک سەرمایە و هێز و دەرفەتێک بۆ مانۆڕکردن ببینێت، دەتوانێت ئەو کارە بکات، بەجۆرێک من پێموایە ئەو شتەی رەنگە عیراق تا ئێستا پەی پێ نەبردبێت ئەوەیە کە وڵاتێکی زۆر کەم هەن وەک ئەو بن.
راشیگەیاند، هەمووان دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ عیراقدا هەبێت (ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، ئەوروپا، ئەمریکا، چین، روسیا) و وڵاتانی ناوچەکەش، چونکە عیراقێکی ستراتیجی، کار بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش دەکات لەگەڵ هەموواندا.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە سیاسەتێکی بێلایەنانەمان گرتەبەر و زۆر راشکاو و شەفاف بووین و دژی ئەم شەڕە بووین، چونکە نە بۆ عیراق و نە بۆ کوردستان باش نەبوو، ئومێدەوارین ئەم ئاگربەستە بەردەوام بێت و ببێتە رێککەوتنێکی هەمیشەیی، چونکە هاوکارێکی گەورە دەبێت بۆ ئەو حکومەتە نوێیەی ئێستا لە عیراق پێکدەهێنرێت، پێمان وایە حکومەتی نوێ دەرفەتی ئەوەی هەیە ئەو هەڵانە ڕاست بکاتەوە کە پێشتر بەرامبەر کوردستان یان هەر پێکهاتەیەکی تر کراون.
روونیشیکردەوە، ئەگەر گروپێک لە ناوخۆی دەوڵەتدا دژی دەوڵەت کار بکات، ئەوا بەرپرسیارێتی دەوڵەتە مامەڵەیان لەگەڵ بکات.