دەنگ لەسەر كابینەی حكومەتەكەی عەلی زەیدی دەدرێت

عیراق 01:17 PM - 2026/05/14

ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگ لەسەر كابینەی حكومەت‌و بەرنامە وەزاریەكەی عەلی زەیدی كاندیدی ڕاسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق دەدات.
خشتەی كاری دانیشتنی پەرلەمانی عیراق بۆ ڕۆژی 14ی ئایاری 2026 واتە ئەمڕۆ، لە یەك بڕگە پێكدێت، ئەویش دەنگدانە لەسەر بەرنامەی وەزاری‌و كابینەی حكومەتەكەی عەلی زەیدی كاندیدی ڕاسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، دانیشتنەكەش سەعات چواری ئێوارە بەڕێوەدەچێت.
ڕۆژی 26ی نیسانی 2026 عەلی زەیدی لەلایەن نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕاسپێردرا، لەدوای ئەوەش رۆژی 7ی ئایاری 2026 عەلی زەیدی كارنامەی حكومەتەكەی پێشكەش بەهەیبەت حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق كرد.
دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكان لە عیراق ساڵانێكە پشت بە سیستمی خاڵ دەبەستێت، كە بەپێی كورسییەكانی پەرلەمان بەسەر لایەنەكاندا دابەش دەكرێت، هەر وەزارەتێك بەرامبەر چەند خاڵێكە، ئەو لایەنانەشی كەمتر لە 10 كورسییان لە پەرلەمانی عیراق هەیە هیچ وەزارەتێك وەرناگرن.
عەلی زەیدی ئەگەر كابینەكەی دەنگی پێبدرێت، دەبێتە گەنجترین سەرۆك وەزیرانی عیراق، پێشتر لەبواری بازرگانیی و بانك كاریكردووە و بەدوور بووە لە سیاسەت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەركی داهاتووی قورس بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو