وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایدەگەیەنێت، كێڵگەی نەوتی مەجنون و هۆتێلی رەشیدی نێودەوڵەتی و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدادی پایتەخت هەموویان ڕووبەڕووی هێرشی تیرۆریستی بوونەوە. دەشڵێت، ئەم كردەوە تاوانكاریانە كاردانەوەی مەترسیداری لەسەر وڵاتەكە دەبێت و هەوڵەكانی حكومەت بەرەو ئاوەدانكردنەوە و خۆشگوزەرانی تێكدەدەن.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، لەكاتێكدا هێزە ئەمنییەكانی وڵاتەكە، بە كارمەندانی حەشدی شەعبییەوە، رووبەڕووی هێرشی خیانەتكارانە دەبنەوە كە لە ئەنجامدا شەهید و برینداری لێكەوتەوە،
هێرشی ناڕەوا چەندین جار دامەزراوە سەرەكی و گرنگ و نێردە دیپلۆماسییەكانی كردە ئامانج، ئەم هێرشانە ئامانجیان تێكدانی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەیە كە عیراق لە سایەی قوربانیدانی هێزە ئەمنییە قارەمانەكان بە هەموو پێكهاتەكانیانییەوە بەدەستی هێناوە.
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاندووە، كێڵگەی نەوتی مەجنون و هۆتێلی رەشیدی نێودەوڵەتی و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدادی پایتەخت هەموویان ڕووبەڕووی هێرشی تیرۆریستی بوونەوە، ئەم كردەوە تاوانكاریانە كاردانەوەی مەترسیداری لەسەر وڵاتەكە دەبێت و هەوڵەكانی حكومەت بەرەو ئاوەدانكردنەوە و خۆشگوزەرانی تێكدەدەن.
راشیگەیاند، دوابەدوای ئەو هێرشانە، محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، فەرمانی بە هەموو دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان كرد بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی بكەن و دەستبەجێ بدرێنە دادگا.
تەئكیدی لەوەشكردەوە، ئاسایشی دەوڵەت و سەلامەتی هاووڵاتیانی هێڵی سوورە و نابێت ببەزێنرێت، هەروەها فەرمانی كرد ئەو كەسانەی كە كەمتەرخم بوون لە ئەركەكانیان لە چوارچێوەی ناوچەی بەرپرسیارێتیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.