حكومەتی ئیسرائیل 827 ملیۆن دۆلاری بۆ كڕینی بە پەلەی چەك و كەرەستەی سەربازی تەرخانكردووە، ئەمەش لەكاتێكدایە زیاتر لە دوو هەفتەیە ئەمریكا و ئیسرائیل بەردەوامن لە بۆردوومانكردنی ئێران و تا دێت جەنگەكەش تووندتر دەبێتەوە.
لە كۆبوونەوەیەكی ئۆنلاینی كابینەی ئەمنیی ئیسرائیلدا، پاكێجی 827 ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی چەكی نوێ پەسەند كراوە، رۆژنامەی هارتسی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەكردووە، پاكێچەكە بۆ كڕینی كەرەستەی ئەمنی و دابینكردنی پێداویستییە بەپەلەكانە، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر ئاشكرا بكات.
بەپێی بەڵگەنامەیەكیش كە وەزارەتی دارایی ئیسرائیل داویەتی بە وەزیرەكانی حكومەتەكە و لە كەناڵی 12ـی ئیسرائیلەوە بڵاوكرایەوە، بەهۆی تووندبوونەوەی جەنگەكەوە، حكومەتی تەلئەبیب دەستبەجێ پێویستی بە كڕینی چەكی پێشكەوتووە.
ئەم پاكێجەش بەشێك دەبێت لە بودجەی 222 ملیار دۆلارییەكەی ئیسرائیل، كە ماوەیەك لەمەوبەر لەلایەن حكومەتەوە پەسەند كرا.
ئەمەش لەكاتێكدایە، میدیاكانی ئیسرائیل دەڵێن، لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگەكەوە تا 13ی ئادار، ئێران 250 مووشەكی بالیستیكی بۆ ئیسرائیل هەڵداوە و بە وتەی ئەو میدیانە، بەهۆی ئەو هێرشە مووشەكییانەوە تا ئێستا 12 كەس كوژراون.