كۆشكی سپی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكان، بڕی تێچووی دارایی جموجۆڵە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە دژی ئێران خستەڕوو رایگەیاند، تێچووی جەنگەكە گەیشتۆتە 12 ملیار دۆلار .
كێڤن هاسێت لێپرسراوی ئەنجومەنی ئابوری كۆشكی سپی رایگەیاند، تا ئێستا بڕی 12 ملیار دۆلاریان بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی دژی ئێران خەرج كردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بودجەی پێویستیان بۆ وەزارەتی جەنگ لەبەردەستدایە ، بەڵام گەورەترین كێشە كە ئێستا هەیە نرخی وزەیە و لە نزیكەوە چاودێری ئەو دۆخەش دەكەن بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزنەوە.
پێشتریش ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (سی ئێس ئای ئێس ) لە واشنتۆن ئاشكرایكردبوو ، تێچووی ئەمریكا لە جەنگی دژ بە ئێران لە ماوەی 4 رۆژی یەكەمی هێرشەكاندا، بە 891 ملیۆن دۆلار لە رۆژێكدا دەخەمڵێندرێت.
بەپێی ئامارەكانی ئەم ناوەندە، كۆی گشتی خەرجییەكان لە ماوەی چوار رۆژی سەرەتادا گەیشتبوە سێ ملیار و700 ملیۆن دۆلار .