ترەمپ: پاراستنی گەرووی هورمز بە تەنها ئەركی ئەمریكا نییە

عیراق 01:03 PM - 2026/03/16

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، هۆشدارییەكی تووند دەداتە وڵاتانی ئەوروپا و دەڵێت ، ئەگەر لە جەنگی دژی ئێراندا پشتیوانی واشنتۆن نەكەن، داهاتووی هاوپەیمانێتیی ناتۆ دەكەوێتە مەترسییەوە، سەبارەت بەو بابەتەش ترەمپ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ئەنجامدا.

 دۆناڵد ترەمپ بە فاینانشاڵ تایمزی راگەیاند،ناتۆ رووبەڕووی داهاتوویەكی زۆر خراپ دەبێتەوە ئەگەر هاوپەیمانەكان یارمەتیی واشنتۆن نەدەن لە بەڕێوەبردنی ئەم قەیرانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.ترەمپ رەخنەی تووندیشی لە وڵاتانی ئەورووپا گرت و رایگەیاند، ئەوان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان بڕێكی زۆر و زیاد لە پێویست پشت بە ئەمریكا دەبەستن.

ئاماژەی بەوەشكرد، واشنتۆن پشكی شێری بارگرانییە سەربازی و داراییەكانی ناتۆی گرتووەتە ئەستۆ، لە كاتێكدا هاوپەیمانەكان بەشدارییەكی كەم دەكەن. داواشی لێكردن خەرجییە بەرگرییەكانیان زیاد بكەن و بەرپرسیارێتی ئاسایشی خۆیان هەڵبگرن.

سەبارەت بە دۆخی ئێرانیش، ترەمپ رایگەیاند ،توانای سەربازیی تاران پووكاوەتەوە و تێكشكاوە، هۆشداریشی دا كە ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە هەڕەشەكردن لە كەشتیوانیی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، واشنتۆن هێرشی زیاتر ئەنجام دەدات.ترەمپ بە دیاریكراوی باسی لە ئەگەر هێرشكردنە سەر دوورگەی خاركی كرد، كە گرنگترین وێستگەی هەناردەكردنی نەوتی ئێرانە و وتیشی:"دەبێت ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی گەرووی هورمز بكەنەوە، كە ئێران لە كاتی جەنگدا بە كردەیی دایخستووە.

 پەیامەكەی ترەمپ راستەوخۆ بوو بۆ ئەو وڵاتانەی پشت بە نەوتی كەنداو دەبەستن، بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا، كە دەبێت بەشداریی سەربازی بكەن لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی ئێراندا.

دوای ئەم پەیامە، سەرۆكی ئەمریكا و،  كییەر ستارمەر سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، بە تەلەفۆن قسەیان كردو باسیان لە گرنگی دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز كرد، كە ئێستا لەلایەن ئێرانەوە داخراوە.

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە،هەردوو سەركردە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە و  باسیان لە بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگی كردنەوەی گەرووی هورمز كردووە، بە مەبەستی كۆتاییهێنان بەو پەككەوتنەی لە گواستنەوەی دەریایی جیهانیدا دروستبووە، كە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووەكان لە سەرانسەری جیهاندا.

 ئەم پەیوەندییە دوای ئەوە دێت، كە دۆناڵد ترەمپ داوای لە چەند وڵاتێكی وەك چین، فەرەنسا، ژاپۆن، كۆریای باشوور و بەریتانیا كردبوو، كەشتیی جەنگی بنێرن بۆ ئەوەی هاوكاری ئەمریكا بكەن لە پاراستنی ئاسایشی گەرووەكەدا ، دواتر لە لێدوانێكی تردا ترەمپ هۆشدارییەكی تووندی دابووە وڵاتانی ئەورووپا و رایگەیاندبوو، ئەگەر لە جەنگی دژی ئێراندا پشتیوانی واشنتۆن نەكەن، داهاتووی هاوپەیمانێتیی ناتۆ دەكەوێتە مەترسییەوە 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو