ماكرۆن بۆ پزیشكیان:كۆتایی بەو هێرشانە بهێنن كە دژی وڵاتانی ناوچەكە ئەنجامیدەدەن

عیراق 11:08 AM - 2026/03/16

مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، دوایین پەرەسەندنە سەربازییەكان و هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەكەی تاوتوێ كرد.

پزیشكیان لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەیدا لەگەڵ ماكرۆن، ئاماژەی بە هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر هەردوو دوورگەی خارك و ئەبومووسا كرد و رایگەیاند، ئەم هێرشانە بە بەكارهێنانی خاكی هەندێك لە وڵاتانی كەنداو ئەنجامدراون، ئەمەش بە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بنەمای دراوسێیەتی باش دەزانێت.

سەرۆك كۆماری ئێران تەئكیدی كردەوە، وڵاتەكەی بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵام هیچ گومانێكیان نییە لە بەرگرییەكی توند و رەوا لەسەر خاك و ئاسایشی نیشتمانیی خۆیان.هاوكات پزیشكیان رەخنەی لە هەڵوێستی هەندێك وڵاتی ئەورووپی گرت لە پاڵپشتیكردنی ئیسرائیل و ئەمریكا و داوای لێكردن پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان بن.لای خۆشییەوە ماكرۆن لەپلاتفۆڕمی ئێكس باسی لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكە كردووە و نوسیوێتی،داوای لە  سەرۆك كۆماری ئێران كردووە، دەستبەجێ كۆتایی بەو هێرشە قبوڵنەكراوانە بهێنێت كە دژی وڵاتانی ناوچەكە ئەنجامی دەدەن.

ماكرۆن باسی لەوەشكردووە،سەرۆك كۆماری ئێرانی ئاگادار كردووەتەوە كە فەرەنسا لە چوارچێوەیەكی بەرگری تونددا هەڵسوكەوت دەكات بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی.تەئكیدیشی كردووەتەوە لەوەی تەنها چوارچێوەیەكی نوێی سیاسی و ئەمنی دەتوانێت گەرەنتی ئاشتی و ئاسایش بۆ هەمووان بكات.ئەم چوارچێوەیەش دەبێت دڵنیابێت لەوەی ئێران هەرگیز خاوەنی چەكی ئەتۆمی نەبێت.

ماكرۆن لە كۆتاییدا نوسیوێتی،ئەم چوارچێوەیە دەبێت رووبەڕووی ئەو مەترسیانەش ببێتەوە  كە بەرنامەی مووشەكی بالیستیكی ئێران و چالاكییە ناسەقامگیركەرەكانی لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی دروستی كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو