باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد: داوا لە ئەمریكییەكان دەكەین لە رێگەی وشكانیەوە عیراق جێبهێڵن

عیراق 09:47 AM - 2026/03/14

لە گەڵ زیادبوونی گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاڵۆزییەكانی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا ، جارێكی تر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد هۆشدارییەكی ئەمنی توندی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بەهۆی بوونی هەڕەشەی جددی لەلایەن ئێرانەوە ، مەترسی گەورە لەسەر گیانی هاووڵاتییانی ئەمریكی و دامەزراوەكانی واشنتۆن لە عیراق و هەرێمی كوردستان دروستبووە.

 باڵیۆزخانەكە تەئكیدیش دەكاتەوە،كە ئەگەری هێرشكردنە سەر هوتێلەكان، كێڵگە نەوتییەكان و ئەو شوێنانەی بیانییانی لێیە هەیە، هەروەها مەترسی رفاندنی ئەمریكییەكانیش لە ئارادایە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانی دەكات بە تەواوی وریابن و لەو شوێنانە دووربكەونەوە كە دەبنە ئامانج.

سەبارەت بە گەشتكردن، باڵیۆزخانەكە ئاماژەی بەوە كردووە ئێستا ئاسمانی عیراق داخراوە و گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەكانیش راگیراون، بۆیە باشترین بژاردە بۆ جێهێشتنی عیراق بەكارهێنانی رێگەی وشكانییە بەرەو وڵاتانی (ئوردن، سعودیە و توركیا).
هاوكات باڵیۆزخانەكە داوا لەو ئەمریكییانە دەكات كە لە ناوخۆی عیراق دەمێننەوە، بڕی پێویست لە خواردن، ئاو و دەرمان كۆبكەنەوە و بۆ ماوەیەكی درێژ لە شوێنی پارێزراودا بمێننەوە، دڵنیاشدەدات كە ئیدارەی  ترەمپ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پاراستنی گیانی هاووڵاتیانیان لەسەرووی هەموو كارە لەپێشینەكان داناوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو