بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەژمارەیەك مووشەك هێرشكرایە سەر بنكەی هەریر لەسنووری پارێزگای هەولێر كەهێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدا جێگیركراون، سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەكانی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند: بە 5 مووشەك بۆردوومانیان كردووە.
هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر جیاوازبووە لەهێرشەكانی رابردوو بە وتەی شایەتحاڵەكان دەنگی بەهێزی مووشەكەكان لە ناوچەكانی دەوروبەری هەریری بیستراوە و ترس و دڵەڕاوكێی لای هاووڵاتیان دروستكردووە، یەكەمجاریش بووە بەو رێژە زۆرە مووشەك لەتەنها یەك هێرشدا بۆ سەر بنكەیەكی هەرێمی كوردستان بەكاربهێندرێت.
هێرشەكەی ئەمڕۆی هەریر لەكاتێكدایە تەنها شەووی رابردوو نزیكەی 15 درۆن ئاڕاستەی چەن شوێنێكی هەولێر كراون، لەنێوان سەعات 7 بۆ 10ی شەوی رابردوو بەژمارەیەك مووشەك چەند ناوچەكی هەولێر كرانە ئامانج، سەعات 10 و نیو هێزەكانی هاوپەیمانان سێ درۆنی بۆمبڕێژكراویان لە ئاسمانی هەولێر تێكشكاند، كە پارچە و پاشماوەی یەكێك لە درۆنە تێكشكاوەكان لە نزیك كونسوڵخانەی ئیمارات كەوتە خوارەوە، وبەشێكی بینای كونسوڵخانەكە بەهۆیەوە ئاگری گرت.
هاوكات یەكێكی تر لەودرۆنانە لە سەر سەربانی ماڵێك لەگەڕەكی ژیانی هەولێر كەوتە خوارەوە و هیچ زیانێكی گیانی نەبوو ، دواتر درۆنەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و تیمی پووچەڵكردنەوەی مین و تەقەمەنییەوە هەڵگیرایەوە.
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری گەلی كوردستان لەگەڵ پارشێو، بە 4 درۆنی تر هێرشكراوەتە سەر چەند گەڕەك و ناوچەیەكی شاری هەولێر، بەڵام هێرشەكانی بەرەبەیانی زیانی گیانیان نەبووە.