حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكات كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان و داواش لە حكومەتی عیراق دەكات رێگری لەو دەستە و گرووپە لە یاسا دەرچووانەی ناوخۆ بكات كە بەبێ بیانوو هەرێمی كوردستان بە ئامانج دەگرن.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوایانە دەكات كە دەكرێنە سەر هاووڵاتیان و دامەزراوە مەدەنییەكان و بە ئامانج گرتنی نێردە دیپلۆماسیەكان.
ئاماژە بەوەشدەكات ئەو هێرشانە، بە تەواوی پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتیەكانە. فەرمانگەكە رایگەیاندووە، بەداخەوە شەوی رابردوو كونسوڵگەری گشتی ئیمارات كرایە ئامانج، بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانی لێ نەكەوتەوە. راشیگەیاندووە، ئەمە لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لەو شەڕە و هەمیشە لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری و پێكەوە ژیان بووە لە ناوچەكە.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پێویستە حكومەتی عیراق بەرپرسیارەتی پاراستنی سەروەری عیراق بگرێتە ئەستۆ و رێگری لەو دەستە و گروپە توندڕەوو لە یاسا دەرچووانەی ناوخۆی عیراق بكات كە بەبێ بیانوو بە بەردەوام هەرێمی كوردستان بە ئامانج دەگرن.