بەغداد چاوەڕوانی لیستی مووچە و داهاتی نانەوتیی هەرێم دەكات

کوردستان 03:41 PM - 2026/05/19

 بەپێی زانیارییەكانی گەلی كوردستان، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ خەرجكردنی پارەی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی لیستی مووچە و داهاتی نانەوتییە.

بڕیارە ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەست بە تەمویلكردنی پارەی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی عیراق بكات.

سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە واتا دوو سبەی، لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەسلیمی حكومەتی فیدڕاڵ دەكرێت. 

دەشڵێت، بڕیارە وەفدێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغداد بكات و جگە لە لیستی مووچەی مانگی ئایار، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسانیش ببات.
جا بۆ خەرجكردنی مووچە لەلایەن بەغدادەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوت و ناردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستانە، ئەگەر بێت و لەم چەند رۆژەدا ئەوە بكرێت، ئەوا بەغداد لە هەفتەی داهاتوودا و پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو