سی و چوار ساڵ بەسەر یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت

کوردستان 11:02 AM - 2026/05/19

ئەمڕۆ 19ی ئایار، 34 ساڵ بەسەر یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت، ئەمڕۆ یادی یەكەم ئەزموونی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان كە تێیدا سیستمی حكومڕانی لە بەرەی كوردستانییەوە گۆڕدرا بۆ دامەزراوەی پەرلەمانی و تاوەكو ئێستا پێنج خولی جیاوازی بەڕێكردوو و لە ئێستا لە خولی شەشەمیدایە.

بە پێی یاسای ژمارە یەكی بەرەی كوردستانی، رۆژی 19ی ئایاری 1992 بە چاودێری نوێنەرانی چەندین رێكخراوی بیانی لە بواری مافی مرۆڤ و دیموكراسی و ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا و رۆژنامەنوسانی بیانی، یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە بەشداری 967 هەزار و 229 دەنگدەر بەڕێوەچوو و پەرلەمان بەسەرۆكایەتی جەوهەر نامیق سالم پێكهێنرا.

بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992، بەربەستی 7% بۆ لیستەكان دیاریكرا، بەڵام تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان توانییان ئەو بەربەستە بشكێنن. لە كۆی 105 كورسی، 100 كورسی بۆ یەكێتی و پارتی و 5 كورسی بۆ پێكهاتەی كریستیان تەرخانكرا. لە 4-6-1992 جەوهەر نامیق وەك یەكەم سەرۆكی پەرلەمان و فوئاد مەعسوم وەك یەكەم سەرۆك وەزیران هەڵبژێردران. 

بەپێی ئامارە رەسمییەكان، كۆی دەنگە دروستەكان 971 هەزار و  953 دەنگ بوون و بەم شێوەیە بەسەر لیستەكاندا دابەش بوون: یەكێتیی نیشتمانی و زەحمەتكێشان:  423 هەزار و 833 دەنگ كە كردییە رێژەی  43.61%. پارتی دیموكراتی كوردستان: 437 هەزار و 889 دەنگ كردیە رێژەی  45.5%. لیستی ئیسلامییەكان: 49 هەزار و 108 دەنگ رێژەی  5.5%. لیستی یەكگرتن كە پێكهاتبوو لە سۆشیالیست و سەربەخۆیی: 24 هەزار و 882 دەنگ رێژەی 2.56%. یەكێتی دیموكرات كە پێكهاتبوو لە شیوعی و بێلایەنەكان:  21 هەزار و 123  دەنگ رێژەی 2.17%. پارتی گەلی دیموكراتی كوردستان: 9  هەزار و 903 دەنگ رێژەی 1.02%. لیستی سەربەخۆی دیموكراتەكان، 501 دەنگ رێژەی 0.05%.

خولی یەكەم؛ درێژترین خولی پەرلەمانی بوو، لە 19ی ئایاری 1992 هەڵبژێردرا و تاوەكو 4ی حوزەیرانی 2005 بەردەوام بوو. تەمەنی ئەم خولە 13 ساڵ بوو، چوار جار تەمەنی خۆی درێژ كردەوە و 9 ساڵ لە تەمەنی یاسایی خۆی لایدا. جەوهەر نامیق، رۆژ نوری شاوەیس و كەمال فوئاد سەرۆكایەتییان كردووە. لەم خولەدا 169 پەرلەمانتار ئەندام بوون و 172 یاسا و 118 بڕیاری یاسایی دەركران.

خولی دووەم لە 30ی كانوونی دووەمی 2005 هەڵبژێردرا، عەدنان موفتی سەرۆكایەتی كرد و 88 یاسای دەركرد. دواتر خولی سێیەم لە 25ی تەمموزی 2009 هەڵبژێردرا،  تێیدا كەمال كەركوكی و ئەرسەلان بایز سەرۆكایەتییان كرد. لەم خولەدا بەهۆی دواكەوتنی دانیشتنی یەكەم، هەرێم بۆ ماوەی 6 رۆژ لە بۆشایی یاساییدا مایەوە و خولەكەش 76 یاسای پەسەند كرد.
خولی چوارەم ماوەكەی لە ساڵی 2013بۆ 2018 بوو، پەرلەمان بۆ ماوەی 2 ساڵ داخرا و رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كرا. خولی پێنجەمیش ماوەكەی لە ساڵی  2018 بۆ 2023 بوو، ڤالا فەرید و رێواز فایەق سەرۆكایەتییان كرد، بەهۆی بڕیارێكی دادگای فیدراڵیی عیراقەوە درێژكردنەوەی تەمەنی بە نایاسایی دانرا و خولەكە هەڵوەشایەوە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە 20ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2024 ئەنجامدرا و لە 2ی كانوونی یەكەمی هەمان ساڵ، یەكەم دانیشتنی پەرلەمان كرا. تاوەكو ئێستا كە ساڵێك و 5 مانگ بەسەر یەكەم دانیشتندا تێپەڕیوە، كۆبوونەوەكە بە كراوەیی ماوەتەوە. ئێستا هەوڵە دیپلۆماسییەكان و دەستپێشخەریی لایەنەكان بە تایبەت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هێزێكی سەرەكی لە هەرێم بەردەوامە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو