لیندزی گراهام: سعودیە ئامادە نییە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكاندا بكات

عیراق 10:36 AM - 2026/03/10

 لیندزی گراهام سیناتۆری كۆمارییەكانی ئەمریكا، دەڵێت باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ڕیاز بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی ئێران بۆ سەر شانشینی عەرەبستانی سعودی چۆڵ دەكرێت، بەڵام سعودیە ئامادە نییە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكاندا بكات.

لیندزی گراهام دەڵێت، ئەوەندەی من تێبگەم، شانشینی سعودیە ڕەتیدەكاتەوە سوپا بەتواناكەی بەكاربهێنێت وەك بەشێك لە هەوڵەكان بۆ كۆتایی هێنان بە ڕژێمی ئێران.
ئەو سیناتۆرە دەپرسێت بۆچی دەبێت ئەمریكا ڕێككەوتننامەی بەرگریی لەگەڵ وڵاتێكی وەك شانشینی عەرەبستانی سعودی ئیمزا بكات كە ئامادە نییە بەشداری لە شەڕێكی بەرژەوەندی هاوبەشدا بكات؟

هەر خۆی لە وەڵامدا دەڵێت، ئەمریكییەكان دەمرن و ویلایەتە یەكگرتووەكان ملیارەها دۆلار خەرج دەكات بۆ لادانی ڕژێمی ئێران كە هەڕەشە لە ناوچەكە دەكات. لەم نێوەندەدا، وا دیارە سعودیە تەنها بەیاننامە دەردەكات و لە پشت پەردەوە هەندێك كار دەكات كە تا ڕادەیەك یارمەتیدەرن، بەڵام ئامادە نییە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكاندا بكات.

لە كۆتایدا لیندزی گراهام دەڵێت، هیوادارم وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو زیاتر بێنە ناو بابەتەكەوە، چونكە ئەم شەڕە لە حەوشەی پشتەوەی ماڵی ئەواندایە. ئەگەر ئێستا ئامادە نین سوپاكەتان بەكاربهێنن، ئەی كەی ئامادە دەبن؟

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو