ئۆنسەیەك زێڕ نزیكەی 70 دۆلار دابەزی

عیراق 03:47 PM - 2026/03/09

لەدوای كرانەوەی بازاڕەكانی ئاسیا، نرخی ئۆنسەیەك زێڕ 68 دۆلار دابەزی و بە پێنج هەزار و 90 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.

هاوتەریب لەگەڵ بۆرسەی جیهانی، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیش نرخی زێڕ نزمبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی دوایین مامەڵەكان، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە  21 بە یەك ملیۆن و 113 هەزار  دینارە. سەرەڕای دابەزینەكەی، بەڵام نرخی زێڕ لە سەروو پێنج هەزار دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك ماوەتەوە، چونكە بەشێك لە وەبەرهێنەران هێشتا وەك پەناگەیەكی ئارام بۆ پاراستنی سەرمایەكانیان دەیبینن.

دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی ئێران، نرخی دۆلار و نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوە. ئەمەش ترسی زیادبوونی هەڵاوسانی دروستكرد، چونكە زیادبوونی هەڵاوسان هانی بانكە ناوەندییەكانی جیهان، بەتایبەتی بانكی ناوەندیی ئەمریكا دەدات رێژەی سوود بەرزبكەنەوە، یالە ئاستەكانی ئێستادا بیهێڵنەوە و كەمی نەكەنەوە.

 هەرچەندە زیادبوونی بێكاری و كەمبوونەوەی رەخساندنی هەلی كاری لە كەرتی تایبەتی ئەمریكا لە مانگی رابردوودا هیوای كەمكردنەوەی رێژەی سوودی لای وەبەرهێنەران دروستكردووە، بەڵام زیادبوونی گرژییەكان و هێرشەكان بۆ سەر ئێران، باڵی بەسەر بازاڕدا كێشاوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو