پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردەوە كە دوو تۆمەتباریان دەستگیركردووە كە بڕێكی زۆر ئاڵتونیان دزیوە .
لە ڕاگەیەندراوەكەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە ، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بەهاوكاری نوسینگەی ڕزگاری نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیمان، دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە بڕێكی زۆر ئاڵتوونیان دزی بوو، دواتر فرۆشتبوویان.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت ، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك لە نوسینگەی رزگاری سەربەبەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سكاڵای تۆماركرد كە بڕێكی زۆر ئاڵتوونی لەماڵەكەیدا لێ دزراوە، بڕیاری بەڕێز دادوەر بۆ رووداوەكە وەرگیراو پەراوی لێكۆڵینەوە ڕێكخراو لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستیپێكرد.
ئاماژەی بەوەشكردووە سەرەنجام توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەستگیربكرێت. هاوكات لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی ڕزگاری نەهێشتنی تاوانەوە تۆمەتباری دووەم دەستگیركرا كە ئاڵتوونە دزراوەكانی فرۆشتبوەوە.
هەروەها لەماوەی كەمتر لە ٢٤ كاتژمێردا توانرا دەستبگیرێت بەسەر ئاڵتونە دزراوەكەو ئەو بڕە پارەیەشدا كە تۆمەتباران ئاڵتونەكەیان پێ فرۆشتبوو.
پۆلیس دەشڵێت ، لەئێستادا تۆمەتباران (ش، هـ، ح) لەدایكبووی ١٩٨٠ و (چ، أ، م) لەدایكبووی ١٩٩٣ بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی (٤٤٤) لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە.