ئەمڕۆ رۆژی جلی كوردییە

کوردستان 03:31 PM - 2026/03/10

رۆژی 10ی ئاداری هەموو ساڵێك بەڕەسمی بە رۆژی جلی كوردی دیاری كراوە، هەموو ساڵێك لەلایەن هاووڵاتیان و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنە و ڕێوڕەسمی جیاواز یادی دەكرێتەوە.

لەم رۆژەدا هاووڵاتیان لە شارە جیاوازەكانی كوردستان بە جلی كوردییەوە دەچنە سەر كارەكانیان و ئەركەكانیان بەجێدەهێنن، تەواویی رۆژەكەیان بەم جلانەوە بەسەردەبەن.

جلوبەرگی كوردی بەشێكە لە كلتووری كورد.

كە خاوەن مێژوویەكی كۆن و دێرینە وێڕای هێما و توخمە نەتەوەییەكانی تری وەك زمان، خاك، ئاڵا و سروود، نەتەوەی كورد لە نەتەوەكانی تر جیا دەكاتەوە. جلی كوردی لە رووی شێواز و پۆشینییەوە لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تری كوردستان جیاوازە. لە پەیدابوونی كلتووری جلوبەرگی كوردی تا ئێستا گۆڕانكاری بەسەر شێوەكەی هاتووە بەڵام مۆركی نەتەوەیی پاراستووە و توانیویەتی تا ئەمڕۆ بە زیندوویی بمێنێتەوە لەنێو كوردان.

جلوبەرگی كوردیی ژنان و پیاوان جیاوازییان زۆرە، هاوكات هەریەكەیان چەند جۆر و مۆدێلێكیان هەیە و بە پێی ناوچە جیاوازەكانی كوردستانیش مۆدێلی جلەكان گۆڕانكیارییان بەسەردا دێت. زۆربەی خەڵك لە بۆنە و ئاهەنگەكان جلی كوردی دەپۆشن بەتایبەت لە بەهار، لە هەر پارچەیەكی كوردستان جلوبەری تایبەت بە خۆیان هەیە.

جلو بەرگی كوردی پیاوان چەند جۆرێكی هەیە كە دیارترینیان ئەمانەن رانك و چۆخە، كەوا و پانتۆڵ، شاڵ و شەپك. لەگەڵ ئەمانەشدا چەند شتێك بۆ جوانكاری بەكاردێن، وەك: پشتێن، كڵاو، جامانە، مشكی، تەسبیح، شمشێر، پوزەوانە و كڵاش.

هەرچی جلی كوردی ژنانیشە چەند جۆرێكین لەوانەش: كراس، فەقیانە، كەوا، هێلەك، فیستان، خەفتان، چەفتە یان دەسماڵ، كۆڵوانە. ژنانی كورد لەگەڵ جلی كوردی چەند جوانكارییەكیان بەكارهێناوە و تائێستاش بەردەوامە وەك، سەر و بەست، شەدە، سەروێن، كڵاوی چنراو و رازێندراوە، هەوری، پشتوێن، گۆبەرۆك، تاسی زێڕ و گوڵنكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو