باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عیراق و كونسوڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر هۆشدارییەكی بەپەلەیان ئاراستەی هاووڵاتیانی فەرەنسا كردووە و، داوایان لێدەكەن بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە عیراق جێبهێڵن.
باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عیراق و كونسوڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا بڵاویانكردووەتەوە، بەهۆی هەڵكشانی ئاڵۆزییە سەربازییەكان لە ناوچەكە، داوا لە هاووڵاتیانی فەرەنسا دەكەن كە گەشت بۆ عیراق نەكەن.
باڵیۆزخانەكە داواش لەو هاووڵاتییە فەرەنسییانە دەكات كە ئێستا لە عیراق نیشتەجێن یان بە سەردان هاتوون، وڵاتەكە جێبهێڵن، تەئكیدیش كراوەتەوە لەوەی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغداد و كونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر ئامادەن بۆ هەر راوێژ و هاوكارییەك.
هەروەها داوایان لە هاووڵاتییانیان كردووە ناوی خۆیان لە تۆماری كونسوڵگەری و ماڵپەڕە رەسمییەكان نوێ بكەنەوە و لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیانەوە ئاگاداری دواین زانیارییەكان بن.