ئێران لە 24 سەعاتی داهاتوودا رابەری نوێ دەناسێنێت

عیراق 12:01 PM - 2026/03/08

كۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێواری گۆڕانكارییەكی مێژووییدایە و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی 24 تا 48 سەعاتی داهاتوودا جێگرەوەی عەلی خامنەیی دەستنیشان بكرێت، لە كاتێكدا دۆناڵد ترەمپ داوای بەشداریكردن لە دیاریكردنی رابەری نوێ دەكات و موجتەبا خامنەیی بە توندڕەو ناو دەبات.

ئەنجوومەنی شارەزایانی رابەری پڕۆسەی دەنگدانی بۆ دیاریكردنی جێگرەوەی عەلی خامنەیی كۆتایی پێهێناوە. ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری ئەنجوومەنەكەوە بڵاویكردووەتەوە، هیواخوازن لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتوودا رابەری نوێی وڵات بەرەسمی  بە جیهان بناسێنن.

 ئەم گۆڕانكارییە لە ناوەڕاستی جەنگێكی گەورەدا ئەنجام دەدرێت كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نەخشەی سیاسیی ناوچەكە دەبێت.موجتەبا خامنەیی، كوڕی رابەری پێشووی ئێران، وەك بەهێزترین كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستەكە دەبینرێت.
ئەحمەد سەعیدی، وتاربێژی هەینی شاری قوم لە وتارێكیدا دڵنیایی داوە كە خامنەییەكی تر لە ڕێگایە و داوای لە هاووڵاتیان كردووە دروشمی دڵسۆزی بۆ رابەری نوێ بڵێنەوە. موجتەبا بەهۆی پێگە بەهێزەكەی لە ناو سوپای پاسداران و دەستڕۆیشتوویی لە كایەی ئابووری و سەربازیدا، چەقی هاوكێشەكەیە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەسەر پرسی دیاریكردنی رابەری نوێ هاتووەتە سەر خەت و دەڵێت: دەبێت من لە دیاریكردنی رابەری نوێدا بەشدار بم.

ترەمپ بە توندی رەخنە لە موجتەبا خامنەیی دەگرێت و بە كەسێكی توندڕەو ناوی دەبات، تەئكیدیش دەكاتەوە لەوەی،ئەو كەسێكی دەوێت لە لوتكەی دەسەڵاتی ئێراندا بێت كە كار بۆ هێنانەدی ئاشتی بكات، نەك بەردەوامیدان بە ململانێكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو