ناوەندێكی توێژینەوەی ئەمریكی ئاشكرای دەكات، تێچووی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی واشنتۆن دژی تاران لە چوار رۆژی یەكەمدا گەیشتووەتە سێ ملیار و 700 ملیۆن دۆلار، كە ئەم ژمارەیە سێ هێندەی تێچووی شەڕی عیراقە لە ساڵی 2003.
ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (سی ئێس ئای ئێس ) لە واشنتۆن ڕایگەیاند، تێچووی ئەمریكا لە جەنگی دژ بە ئێران لە ماوەی 4 رۆژی یەكەمی هێرشەكاندا، بە 891 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێكدا دەخەمڵێندرێت.
بەپێی ئامارەكانی ئەم ناوەندە، كۆی گشتی خەرجییەكان لەو ماوە كورتەدا گەیشتووەتە سێ ملیار و700 ملیۆن دۆلار.
ئەم تێچووە بەرزەش بۆ چڕیی هێرشە سەرەتاییەكان دەگەڕێتەوە كە رۆژی 28ـی شوبات دەستیپێكرد. ئەمریكا لەو ماوەیەدا نزیكەی هەزار كڵاوەی جەنگیی زیرەكی بەكارهێناوە، كە ژمارەیەكی نادیار مووشەكی تۆماهۆكیان تێدایە و تێچووی هەر دانەیەكیان زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلارە.
ناوەندەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، تێچووەكان ئەگەری لەدەستدانی 3 فڕۆكەی جەنگی لە جۆری F-15 دەگرێتەوە، كە تێچووی هەر دانەیەكیان 31 ملیۆن دۆلارە.
هەروەها تێچووی بڵاوەپێكردنی 50 هەزار سەرباز، 200 فڕۆكەی جەنگی و زیاتر لە 10 كەشتیی دەریایی (لەوانە 2 فڕۆكەهەڵگر) لە ناوچەكەدا، بەشێكی سەرەكیی خەرجییەكان پێكدەهێنن.
هاوكان ماڵپەڕی مزە تایمز ئۆف ئیسرائیل لەزاری وەزارەتی دارایی ئیسرائیلەوە ئاشكرایكردووە، تێچووی هەر هەفتەیەك لە جەنگی ئێران سێ ملیار دۆلار لەسەر ئیسرائیل دەكەوێت، بۆیە تا ماوەكەی درێژتر بێت تێچووەكەی زیاتر دەبێت.
خەمڵاندنەكان نیشانی دەدەن كە تێچووی ئەم جەنگە زۆر زیاترە لە شەڕی ساڵی 2003ـی عیراق، كە لە لوتكەی شەڕەكەدا تەنیا 300 ملیۆن دۆلار لە رۆژێكدا خەرج دەكرا.