ترەمپ: كۆمپانیاكان بەرهەمهێنانی چەكی پێشكەوتوو بۆ چوار هێندە زیاد دەكەن

عیراق 11:55 AM - 2026/03/07

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی چەك رێككەوتووە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی چەكە پێشكەوتووەكان بۆ چوار هێندە زیاد بكەن. 

دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیال نووسیویەتی، كۆبوونەوەیەكی زۆرباشی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گەورەترین كۆمپانیاكانی بەرگریی ئەمریكا كردووە، لەوانە: لۆكهید مارتن، بۆینگ، رەیسیۆن، نۆرسرۆپ گرومان، بی ئەی ئی سیستمز، هەنیوێڵ ئێرۆسپەیس و ئێل3هاریس. لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە بەرهەمهێنانی چەكە پێشكەوتووەكان بۆ چوار هێندە زیاد بكرێت، تا لە كورتترین ماوەدا بگەنە بەرزترین ئاستی پڕكردنەوەی كۆگا سەربازییەكان. 

بە وتەی ترەمپ، زیادكردنی بەرهەمهێنان 3 مانگ بەر لە ئێستا دەستیپێكردووە و كارگەكانی چەك هەر لە ئێستاوە لەسەر هێڵی كاركردنن. سەرۆكی ئەمریكا دڵنیایی دایە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی و رایگەیاند،خاوەنی بڕێكی بێ كۆتایی لە تەقەمەنی و چەكی مامناوەندن، كە ئێستا لە ئێران بەكاریان دەهێنن و پێشتریش لە ڤەنزوێلا بەكاریان هێناون.

ترەمپ ئاشكراشیكرد، چەندین ویلایەتی جیاوازی ئەمریكا ئێستا لە كێبڕكێدان بۆ ئەوەی ببنە خانەخوێی كارگە نوێیەكانی بەرهەمهێنانی چەك، كە ئەمەش هەلی كاری زۆر بۆ ئەمریكییەكان دەڕەخسێنێت. 
بەپێی راپۆرتە سەربازییەكان، ئێران ستراتیژیی هێرشی تێركەر بەكاردەهێنێت، واتا هێرشی چڕ و زۆر، بۆ ئەوەی سیستمەكانی وەك گومەزی ئاسنین، قەڵخانی داود و پاتریۆت ماندوو بكات و بڕی مووشەكە بەرپەرچدەرەكان تەواو بكات.


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو