ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی عەرەبییە ئاشکرای دەکات، لە ئێستادا ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کاتی کاروباری وڵات بەڕێوەدەبات و تەئکیدیش دەکاتەوە کە تەنیا بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.
لە چەند لێدوانێکی بەپەلەدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، کە دەستی دۆستایەتی بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە درێژ دەکەن و پەرۆشی ئاسایشی بەکۆمەڵن لە ناوچەکەدا.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان تەنیا بنکە سەربازییەکان و ئەو پێگانە دەپێکن کە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەکاریان دەهێنن، و دەنگۆی هێرشکردنە سەر سعودیەش بە تەنیا "تۆمەت" ناودەبات.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆییش، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ یەکەمجار ئاشکرای کرد کە "ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کاتی" کاروباری وڵاتی گرتووەتە دەست، هاوکات دڵنیاییشی دا کە دۆخی ناوخۆ بە باشی بەڕێوەدەچێت و سەرجەم دامەزراوەکان بەپێی یاسا کار دەکەن.
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمریکای بە هۆکاری شکستهێنانی دانوستانەکان تۆمەتبار کرد کە بە وتەی ئەوان پێشتر بە باشی بەڕێوەدەچوون. هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئەم جەنگەیان بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام گەلی ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بەم شەڕەوە نییە.