سبەینێ 35 هەمین ساڵیادی راپەڕینە مێژووییەكەی گەلەكەمانە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەرهەمی ڕاپەڕینی مەزن حوكمڕانییەكی درێژخایانی جێی شانازی كوردستانییە كە سەرەڕای هەموو بەربەستەكانی بەردەمی، ئەزموونێكە پڕ دەستكەوت و هیوایەكە بۆ دواڕۆژێكی رووناكتر بۆ هەرێمەكەمان.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، لە یادی 35 هەمین ساڵرۆژی راپەڕینە مێژوویەكەی گەلەكەماندا كە لە پێنجی ئاداری ساڵی 1991 لە دەروازەی ڕاپەڕینەوە چەخماخەیدا و لە زەماوەندی سلێمانی و هەولێر و دهۆك تا لە كەركوكی قودسی كوردستان تاجی سەركەوتنی لەسەرنا، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی گشت چین و توێژەكانی گەلەكەمان دەكەین كە لەگەڵ شانەكانی رێكخستنی یەكێتی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان رۆڵی جوامێرانەیان لە راماڵینی رژێمی دیكتاتۆری بەعس و سەرخستنی ڕاپەڕین گێڕا.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو: بەرهەمی ڕاپەڕینی مەزن حوكمڕانییەكی درێژخایانی جێی شانازی كوردستانییە كە سەرەڕای هەموو بەربەستەكانی بەردەمی، ئەزموونێكە پڕ دەستكەوت و هیوایەكە بۆ دواڕۆژێكی رووناكتر بۆ هەرێمەكەمان، لەسەر بنچینەی ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوەكەی و تەواوكردنی ئەركەكانی چاكسازی و پەرەپێدانی دامەزراوەكانی لەسەرتاسەری وڵاتێكی دیموكرات و فیدرالیدا.
ئەمساڵ كە یادی ئەم بۆنە مێژووییە نیشتمانی و نەتەوەییە دەكەینەوە، لەپاڵ چاوەڕوانی تەواوكردنی ئیستحقاقە دەستورییەكانی شەراكەت و هاوسەنگی لە حوكمڕانی عیراقدا، جەنگێكی قورسی دژوار ناوچەكەمانی گرتۆتەوە كە هێشتا ئاسۆی نیشتنەوەی دیار نییە.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت، لەم قۆناغە هەستیارەدا، پێویستمان بەوەیە بە هەمان گیانی بەرپرسیارێتی كوردانەی سەرەتای راپەڕینەوە هەوڵەكان چڕ بكەینەوە بۆ هەرچی زیاتر دوورخستنەوەی مەترسییەكانی ئەم شەڕە و پاراستنی وڵات و گەلەكەمان. بێگومان ئەمەش هەر لەڕێی سیاسەتێكی نیشتمانیی یەكڕیز و یەك گوتاری كوردستانییەوە دەبێت، بەجۆرێك دۆخی چەقبەستووی ناوخۆی هەرێم و ئینجا كوردستان لەگەڵ بەغدا تێپەڕێنین و خۆمان بۆ ئەركەكانی داهاتوو ئامادە بكەین.
لەكۆتاییدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ساڵیادی راپەرین بەرز و شكۆدار دەكات، درودیش بۆ گیانی پاكی گشت ئەو شەهیدانەی خوێنی خۆیان كردە خەڵاتی سەركەوتنی راپەڕین. دەنێرێت.