وەفدێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەشاری سلێمانی بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و لێك نزیكبونەوەی لایەنەكان كۆبووەنەوە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوە هاوبەشەی لەلایەن یەكێتی و كۆمەڵەوە بڵاوكراوەتەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 24-5-2026 لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەشاری سلێمانی، وەفدێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، پێشوازیكرد لەوەفدێكی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەسەرپەرشتی محەممەد حەكیم، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵی دادگەری.
بەپێی راگەیەندراوەكە،لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا بەوردی گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق و دیدگا و بەرنامەی سیاسیی بۆ حكومەتی نوێی پێكهێنراوی عیراق كرد.لەكۆبوونەوەكەشدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆمەڵی دادگەریی تەئكیدیان لە لێك نزیكبوونەوەی زیاتری لایەنە سیاسییەكان و یەكڕیزیی نیشتمانی و بەرپرسیارێتیی هەموو لایەنەكان بۆ خزمەتكردنی باشتر بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كردەوە .
لە بەشێكی تری گفتوگۆكاندا، پرسی عیراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد تەوەرێكی گرنگی كۆبوونەوەكە بوو، تیشك خرایە سەر گرنگیی هەماهەنگی نێوان هێزە كوردستانییەكان بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەكان، تا لەڕێگەی دیدگایەكی هاوبەش و یەك دەنگییەوە لەبەغداد، داكۆكی لە شایستە دارایی و سیاسییەكانی گەلی كورد بكرێت.