دەزگای ئاسایشی هەرێم چەند رێنماییەكی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن لە سنووری سلێمانی بڵاوكردەوە

کوردستان 10:31 PM - 2026/03/04

دەزگای ئاسایشی هەرێم، چەند رێنماییەكی پێویستی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاوكردەوە.

دەزگای ئاسیشی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەروماڵی هاووڵاتییان و گیانی رۆژنامەنووسان، ئەم رێنماییانە بە پێویست دەزانن  كە راگەیاندنەكان لەكاتی رووماڵی رووداوەكانی ئەم ماوەیەدا رەچاوی بكەن.

لە رێنماییەكاندا هاتووە: بەهیچ جۆرێك تیمی میدیایی دەزگاكانی راگەیاندن لە كاتی رووداوە ئەمنییەكاندا بەبی مۆڵەت وەرگرتن لە دەزگای ئاسایش لە شوێنی رووداوەكان نزیك نەبنەوە و لە نزیكەوە ڤیدیۆی شوێنەكان بڵاونەكەنەوە.

هەروەها، پەیامنێر و دەزگاكانی راگەیاندن لەكاتی گواستنەوەی زانیارییەكاندا لەسەر رووداوەكان پێش دەزگا ئەمنیەكان نەكەون و تەنها ئەو زانیارییانە بڵاوبكەنەوە كە لەسەرچاوەی رەسمییەوە لە دەزگا ئەمنییەكان دەستیان دەكەوێت.

دەزگای ئاسایش داوادەكات، دەزگاكانی راگەیاندن پەلە نەكەن لە بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو شوێنانەی كە بۆردوومانكراوە تا ئەو كاتەی لەلایەن لایەنە ئەمنییەكانەوە زانیاری رەسمی بڵاودەكرێتەوە.
داواشدەكات، دەزگاكانی راگەیاندن خۆیان بە دووربگرن لەو جۆرە هەواڵانەی كە ناراستن و ترس و دڵەراوكێی لەناو بازاڕ و هاوڵاتییاندا دروست دەكەن، هەروەها خۆیان لە بڵاوكردنەوەی ئەو زانیاری و هەواڵانە بپارێزن كە لە میدیا بیانییەكانەوە بڵاوبووەتەوە و حاڵەتی پڕوپاگەندەیان هەیە و دژە بە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان.

دەزگای ئاسایش تەئكید لەوە دەكاتەوە، هەرێمی كوردستان لەم جەنگ و ئاڵۆزییەدا بێ لایەنە و نابێتە بەشێك لەم جەنگە، هەربۆیە لە بڵاوكردنەوەی هەر جۆرە هەواڵ و راپۆرت و زانیارییەك كە ناكۆكە لەگەڵ ئەم بێ لایەنییە خۆیان بپارێزن. 

داواش لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكات، وتەبێژی دەزگای ئاسایش بە تاكە سەرچاوەی راست و دروست بزانن بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر رووداوەكان.

دەزگای ئاسایشی هەرێم تەئكیدی لەوەكردووەتەوە، بەهیچ شێوەیەك رێگەنادرێت ریكۆردی كامێراكانی چاودێری ماڵان و شوێنە گشتییەكان بە مەبەستی بڵاوكردنەوە بەكاربهێنرێت لەكاتی رووداوەكاندا لە كەناڵەكانی راگەیاندن و سۆشیال میدیادا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو