ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاكستان رایگەیاند، ئیسلام ئاباد كار دەكات بۆ ئەوەی رێگاكانی كەشتیوانی دەریایی بەڕووی هەموواندا كراوە بمێنێتەوە و تەئكیدی لە پابەندبوونی بەردەوامی وڵاتەكەی بۆ ئەم هەوڵە كردەوە.
ئیسحاق دار لە لێدوانێكدا رایگەیاند، ئیسلام ئاباد كاردەكات بۆ پراكتیزەكردنی دیپلۆماسی بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی شەڕ لە ناوچەكە و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی وزە، ئاماژەی بەوەشكرد، هەر ململانێیەكی درێژخایەن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خزمەت بە هیچ كەسێك ناكات و هەڕەشە لە ئاشتی ناوچەكە دەكات، تەئكیدیشیكردەوە لەوەی بەردەوامی ململانێكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێگری لە ڕۆیشتنی وزە دەكات لەسەر ئاستی جیهانی و قوڵكردنەوەی ئازارەكانی مرۆڤ.
وەزیری دەرەوەی پاكستان ئەوەشی خستەڕوو، پاكستان كاردەكات بۆ ئەوەی هێڵەكانی كەشتیوانی دەریایی بەڕووی هەمواندا كراوە بێت و بەردەوام دەبین لەم هەوڵە، ناتوانرێت ئاشتییەكی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدیبهێنرێت لەكاتێكدا داگیركاری و سزادانی بەكۆمەڵ و ئاوارەبوونی زۆرەملێ بەردەوامە.