لە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هێزە چەكدارەكانی سەرایا سەلامی لە رەوتەكەی ڕاگەیاند.
سەدر ئاماژەی بەوە كردووە، كە ئەم هەنگاوە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمان و بۆ دوورخستنەوەی ئەو مەترسییانەیە كە رووبەڕووی وڵات دەبنەوە، بە جۆرێك كە ئەم هێزە سەربازییە بە تەواوەتی دەخرێتە سەر دەوڵەت و ئەو لایەنە رەسمییانەی كە بەرپرسن لە رێكخستنە سەربازییەكان.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی كە لە هەژماری رەسمی خۆی لە ئێكس بڵاویكردووەتەوە، بڕیار دراوە تەواوی لایەنە مەدەنییەكانی سەر بە سەرایا سەلام بگوازرێنەوە بۆ ناو پرۆژەی ئەلبنیان ئەلمەرسوسی سەر بەرەوتەكەی، بە مەرجێك هیچ جۆرە بارەگا، چەك، پۆشاكی تایبەتی سەربازی یان ناونیشانێكی جیاوازیان نەمێنێت ، سەدر سوپاسی هەوڵی هێزە سەربازییەكانی سەرایا سەلامی كردووە و هیوای خواستووە لێخۆشبوون هەبێت بۆ هەر كەسێك كە نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ دیدگا ئاینی، عەقیدی و كۆمەڵایەتییەكانی ئەواندا بگونجێنێت.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا، موقتەدا سەدر هیوای خواستووە كە تەواوی پێكهاتەكانی حەشدی شەعبی خۆیان لە فەرمان و هەژموونی حزبی و تائیفی داببڕن، بۆ ئەوەی سەروەریی یاسا بچەسپێت.