حەشدی شەعبی بارەگا سەرەكییەكانی لەسەر سنووری عیراق لەگەڵ سوریا چۆڵ دەكات، دوای ئەوەی شەوی سێشەممە و بەرەبەیانی چوارشەممە رووبەڕووی هێرشی ئاسمانیی بووەوە و دوو ئەندامیان كوژران.
بەوتەی سەرچاوەیەك، حەشدی شەعبی سەرجەم بارەگا سەرەكییەكانی لە چوارچێوەی سنووری ئیداری شاری قائیم لەسەر سنووری عیراق چۆڵكردووە و تەنها چەند خاڵێكی چاودێری هێشتووەتەوە.
وەك سەرچاوەكە ئاماژەی پێكردووە، چۆڵكردنەكە دوای چەند هێرشێكی ئاسمانیی ئەمریكا بووە بۆسەر بارەگاكانیان، بەهۆی ئەو جەنگەی لەنێوان ئەمریكا و ئێران لە رۆژی شەممەی رابردوەوە دەستیپێكردووە.
زۆربەی ئەندامانی حەشدی شەعبی ئێستا چوونەتە بارەگای ناو شارەكان، بەشێوەی گرووپی بچووك دەمێننەوە، ئەمەش بەوتەی سەرچاوەكە كە هۆكارەكەی بۆ ترس لە بە ئامانجگرتنیان گێڕاوەتەوە.