وەزارەتی دارایی هەرێم 120 ملیار دینارەكەی خستە سەر هەژماری دارایی عیراق

کوردستان 12:00 PM - 2026/03/04

سەرەڕای گرژیی و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەڵام هەواڵە خۆشەكی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و هاووڵاتیان  گەیشت، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان 120 ملیار دینارەكەی خستە سەر هەژماری دارایی عیراق .

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، ڕۆژی چوارشەممە بڕی 120 ملیار دینار وەك داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی شوبات بەشێوەی كاش دەخرێتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق.

وەزارەتی دارایی عیراق مانگانە بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، سێ مەرجی هەیە، یەكەم، ناردنی لیستی مووچە‌و تەرازووی پێداچوونەوە، دووەم، ناردنی نووسراوێك لە وەزارەتی نەوتەوە كە تیایدا پشتڕاستی بكاتەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بەردەوامە، سێهەمیش تایبەتە بە ناردنی 120 ملیار دینارەكەی داهاتی نانەوتی كە ئەمڕۆ كرا.

بۆیە چاوەڕوان دەكرێت هەر ئەمڕۆ یان سبەی وەزارەتی دارایی عیراق بڕیار لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات و هەفتەی داهاتوو تەمویلی مووچەی مانگی شوبات بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و راستەوخۆ دوای ناردنی پارەكەش دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو