لە یادی سیو پێنجەمین ساڵرۆژی راپەڕینە مێژوویەكەی گەلەكەماندا كە لە پێنجی ئاداری ساڵی 1991 لە دەروازەی ڕاپەڕینەوە چەخماخەیدا و لە زەماوەندی سلێمانی و هەولێر و دهۆك تا لە كەركوكی قودسی کوردستان تاجی سەركەوتنی لەسەرنا، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی گشت چین و توێژەكانی گەلەكەمان دەكەین كە لەگەڵ شانەکانی رێكخستنی یەكێتی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان رۆڵی جوامێرانەیان لە راماڵینی رژێمی دیكتاتۆری بەعس و سەرخستنی ڕاپەڕین گێڕا.
بەرهەمی ڕاپەڕینی مەزن حوکمڕانییەکی درێژخایانی جێی شانازی کوردستانییە کە سەرەڕای هەموو بەربەستەکانی بەردەمی، ئەزموونێکە پڕ دەستکەوت و هیوایەکە بۆ دواڕۆژێکی رووناکتر بۆ هەرێمەکەمان، لەسەر بنچینەی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەکەی و تەواوکردنی ئەرکەکانی چاکسازی و پەرەپێدانی دامەزراوەکانی لەسەرتاسەری وڵاتێکی دیموکرات و فیدرالیدا.
ئەمساڵ كە یادی ئەم بۆنە مێژووییە نیشتمانی و نەتەوەییە دەكەینەوە، لەپاڵ چاوەڕوانی تەواوکردنی ئیستحقاقە دەستورییەکانی شەراکەت و هاوسەنگی لە حوکمڕانی عیراقدا، جەنگێكی قورسی دژوار ناوچەكەمانی گرتۆتەوە کە هێشتا ئاسۆی نیشتنەوەی دیار نییە.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، پێویستمان بەوەیە بە هەمان گیانی بەرپرسیارێتی کوردانەی سەرەتای راپەڕینەوە هەوڵەكان چڕ بكەینەوە بۆ هەرچی زیاتر دوور خستنەوەی مەترسیەكانی ئەم شەڕە و پاراستنی وڵات و گەلەكەمان. بێگومان ئەمەش هەر لە ڕێی سیاسەتێکی نیشتمانیی یەکڕیز و یەک گوتاری کوردستانییەوە دەبێت، بەجۆرێک دۆخی چەقبەستووی ناوخۆی هەرێم و ئینجا کوردستان لەگەڵ بەغدا تێپەڕێنین و خۆمان بۆ ئەرکەکانی داهاتوو ئامادە بکەین.
بەرز و شكۆدار بێت ساڵیادی راپەرین، درود بۆ گیانی پاكی گشت ئەو شەهیدانەی خوێنی خۆیان كردە خەڵاتی سەركەوتنی راپەڕین.
کوردستان هەمیشە پارێزراو و پایەدار بێت.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
٤/٣/٢٠٢٦