کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەیامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یادی رۆژی مورافەعە مەزنەكەدا

.

09:35 AM - 09/02/2026

ئەمڕۆ (٩-٢)بە سەربەرزییەوە یادی ئەو رۆژە دەكەینەوە كەسەرۆك مام جەلال بە نەخشەو بەڵگەی مێژووییەوە كوردستانی بوونی كەركوكی سەلماندەوە  لەو رۆژەی ساڵی ٢٠٠٤دا سەرۆك مام جەلال لەپاڵ هەڵگرتنی هەموو خەمە نیشتمانیی و نەتەوەییەكانی  گەلەكەیدا ، خەمی دیاریكردنی چارەنوسی ئەو ناوچانە بوو كە بەر پەلامارەكانی  تەعریب و ڕاگواستن كەوتبون ، بۆ سەندنەوەی مافی خاوەنە رەسەنەكانی  ئەو ناوچانە و دیاریکردنی سنووری هەرێمی کوردستان لە ناو عیراقێکی فیدراڵدا دەیویست بە  بەڵگەی جوگرافی و مێژوویی مۆركێكی قانونیان پێ ببەخشێت.


ئەوەی سەرۆك مام جەلال لەو  رۆژەدا ئەنجامیدا  بوە بەردی بناغەی مادەی 58 ی قانونی ئیدارەی دەوڵەت و دواتریش مادەی 140 ی دەستور كە تایبەت بوو بە نەخشەرێی یەكلاكردنەوەی  چارەنووسی ئەو ناوچانەی  رژێمی  شۆڤێنی بەعس بۆ شێواندنی دیموگرافیا  لە كەركوك و چەند ناوچەیەكی  ناوەڕاست و باشوری  عیراقیش گرتبویە بەر .

رۆژی ٩-٢-٢٠٠٤  بوە  مێژوویەكی پرشنگدار  لە خەباتی  بێوچانی سەرۆك  مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و گەلەکەمان ،كە بۆ چارەسەری گشت كێشەیەكی خاوەندارێتی خاك و مافەکانی گەلی كورد ، هەمیشە بژاردەی گفتوگۆ و پێسەلماندنی دروستی دوور لەشەڕ ، پەنا بردنە  بۆ زمانی  لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ  و پشت  بەستنە  بە سەرچاوە و بەڵگە نامە مێژوییەكان .
یادی سەرۆک مام جەلال بەرز و درەوشاوەبێت و خەباتی سەربەرزی گەلەکەشمان بۆ مافە دەستورییەکانی بە پێی نەخشەرێی مادەی ١٤٠ی دەستوور تا سەرکەوتنی یەکجاری درێژەی دەبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە