کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

گەمارۆی سەر كۆبانێ بەردەوامە و دۆخی مرۆیی خراپتر دەبێت

.

03:01 PM - 03/02/2026

15 رۆژە كۆبانێ-ی رۆژئاوای كوردستان، لەژێر گەمارۆیەكی سەختدایە، كێشەی تەندرووستی، پێویستی خۆراك، سووتەمەنی و زۆر بابەتی تر تا دێت قووڵتر دەبێتەوە.


 بەپێی هەوڵی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، گرووپەكانی سەر بە حكومەتی كاتیی سوریا، ماوەی 15 رۆژە گەمارۆیەكی سەختیان لەسەر كۆبانێ و ژیانی نزیكەی 600 هەزار كەس داناوە.


بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە، هەموو جۆرە دەرمانێك لەبەردەستدا نییە، بەتایبەتی دەرمانی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەكرە، هەروەها توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجەش ناتوانن بچنە دەرەوەی كۆبانی بۆ درێژەدان بە وەرگرتنی چارەسەرەكانیان. هاوكات، دانیشتوانی كۆبانێ رووبەڕووی كەمی شیری منداڵ و پێداویستی خۆراك و سوتەمەنی بوونەتەوە دۆخێكی سەخت بەڕێدەكەن. جگە لە بچڕانی كارەبا. 


هەر بەپێی هەواڵی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، سێ رۆژە توركیا رێگەی نەداوە ئەو هاوكارییە مرۆیانەی، كە لەلایەن باكووری كوردستانەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان ئامادەكراون، بگات بە كۆبانێ.


بەپێی رێككەوتنی 30ی كانوونی دووەم، كە لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و حكومەتی كاتیی سوریا، كە دوێنێ دووشەممە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، دەبوو گەمارۆی سەر كۆبانێ هەڵبگیرێت، سەرەڕای كۆبوونەوەكانی نێوان هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی كۆبانێ و وەفدی وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی كاتیی سوریا،بەڵام تا ئێستاش گەمارۆكە بەردەوامە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە