.
10:28 AM - 03/02/2026
قەدەغەی هاتووچۆ وەك یەكەم خاڵی رێككەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق جێبەجێكرا، دوێنێ لە حەسەكە و باشوری كۆبانێ دەستیپێكرد و ئەمڕۆش لە قامیشلۆ.
دوێنێ یەكەم هەنگاوی جێبەجێكردنی دوا رێككەوتنی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و حكومەتی كاتیی سوریا، كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و هێزە ئەمنییەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی دیمەشق، چوونە ناو خاڵە دیاریكراوەكانیان لە حەسەكە و ناوچەی شیوخ لە باشوری شاری كۆبانێ لە هەرێمی فورات.
رۆژی 30ی كانوونی دووەم، هەردوولا گەیشتنە رێككەوتنێكی گشتگیر بۆ جێبەجێكردنی ئاگربەستی هەمیشەیی و دەستكردن بە تێكەڵكردنی هێزە سەربازییەكان و ئیدارە مەدەنییەكان.
لە روانگەی ئەو لێكتێگەیشتنەی هاتەئاراوە، ژمارەیەكی دیاریكراو لە ئەندامانی هێزەكانی ئاسایشی سەربە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی كاتیی سوریا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی، چوونە ناو شاری حەسەكەوە لە هەرێمی جزیرێ، لەگەڵ گەیشتنی ئەندامانی وەزارەتی ناوخۆی سوریا، چوونە ئەو شوێنانەی بەگوێرەی رێككەوتن بۆیان دیاریكراوە.
لەم چوارچێوەیەدا، عەمید مەروان عەلی بەرپرسی ئەو هێزەی چوونەتە ناو حەسەكە بە ئەندامانی گروپەكەی راگەیاند، پێویستە ئەركە ئەمنییەكانیان بەگوێرەی پلانی بڕیارلێدراو جێبەجێ بكەن و بەتەواوی پابەندی یاسا و رێنماییەكان بن، رێوشوێنەكانیش بەشێوەیەكی رێكخراو جێبەجێ بكەن و ئاسایش و سیستمی گشتی بپارێزن، پارێزگاری لە هاووڵاتییان و موڵك و ماڵی گشتی و تایبەتیش بكەن.
بۆ روونەدانی هیچ حاڵەتێكی نەخوازراویش، لە كاتی چوونەناوەوەی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانی دیمەشق، دوێنێ قەدەغەی هاتوچۆ لە حەسەكە جێبەجێكرا و ئەمڕۆش لە شاری قامیشلۆ جێبەجێ دەكرێت، لە سەعات 6ی بەیانییەوە دەستپێدەكات و 6ی ئێوارە كۆتایی دێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە، پارێزگای حەلەب رایگەیاند، كاروانێك كۆمەك رەوانەی كۆبانێ كراوە.
لیژنەی ناوەندیی بۆ وەڵامدانەوەی حەلەب بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كاروانێكی پێكهاتوو لە 20 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كە كۆمەكیان بۆ خەڵكی كۆبانێ پێیە، رەوانەی شارەكە كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە