.
10:33 AM - 02/02/2026
نرخی زێڕ بەردەوامە لە دابەزین و ئۆنسەیەكی بۆ كەمتر لە چوار هەزار و 700 دۆلار دابەزی ،هاوتەریب لەگەڵ بۆرسەی جیهانی، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیش نرخی زێڕ دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی دوایین مامەڵەكان، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 944 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت ،
لەكاتێكدا هەفتەی رابردوو نرخەكەی یەك ملیۆن و 100 هەزار دیناری تێپەڕاندبوو.یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی دابەزینی لەناكاوی نرخی زێڕ دەگەرێتەوە بۆ دەستنیشانكردنی كێڤن وارش، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە وەك سەرۆكی نوێی بانكی ناوەندیی ئەمریكا، چونكە كێڤن وارش، كەسێكە بەزۆری لایەنگری بەرزكردنەوەی سوودی بانكییە.
سیاسەتی تووندی نەختی لە قازانجی دۆلار و بە زیانی نرخی كانزاكان دەشكێتەوە.یەكێكی تر لە هۆكارەكان، گرووپی (سی ئێم ئی) ئەو كۆمپانیای كە بازاڕی بۆرسەی شیكاگۆ بەڕێوەدەبات، مارجینی مامەڵەكانی لە گرێبەستەكانی داهاتوودا بەرزدەكاتەوە و لەدوای داخرانی بازاڕ، ئەمڕۆ دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
مەبەست لە مارجین ئەو پارەیە كە بازرگانان دایدەنێن بۆ مامەڵەكردنی گرێبەستەكانی داهاتوو.ئەو رێژەیە ئێستا بەرزكراوەتەوە و زۆرێك لە بازرگانان ناتوانن ئەو پارەیە دابین بكەن و بە ناچاری مامەڵەكانیان دەبێت دابخەن، ئەوەش بووەتە هۆكار بۆ دابەزینی نرخی كانزاكان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە