ئەم دەستەواژە داتاشینی خۆمە و زۆرم بەکار نەهێناوە، مەگەر لە گفتوگۆی هاوڕێیانی رۆژنامەنووسیدا باسم کردبێت.
باسەکە ئەوەیە زۆرجار کە گوێمان لە رەخنەی ناڕەوای سوور و زەردی هەندێک دەبوو لەسەر میدیای کوردستان دەمانگوت ئەوە قسەی جەماعەتی کەتیبەی ئیعدامە.
کەتیبەی ئیعدام کە سوپاکانی حەریف لەکاتی جەنگدا لە پشتی بەرە دایان دەنا، ئیشیان وایە عەسکەری فیرار و بەزیو گولەباران بکەن کە لە کاتی توندبوونی شەڕدا مەیدانی شەڕ بەجێدێڵن.
جا بە سوعبەتەوە دەمانگوت ئەی دەبێ کەتیبەی ئیعدام خۆی کەی غیرەت بیگرێ و بێتە پێشەوەی سەنگەری یەکەم؟
مامۆستا شێرکۆ بێکەس ( جوامێر) لە شیعرێکی جوانیدا ، هی سەردەمی هەشتاکانی شۆڕش، باسی ئەوانەی دەکرد کە لەکاتی نەبەردی چەکداریدا لەسەر مێزی شەراب نەسیحەتی پێشمەرگەیان دەکرد دەبێ لەوێوە هێرش بکەن و لەوێوە بکشێنەوە، پێشنیاری وردیان هەبوو کە پشتی کام پێک و کام قاپی لەبلەبی بگرن و چۆن دوژمن بپێکن؟
جا وا ئێستا لە لێقەومانی رۆژئاڤای کوردستانیشدا بەرەی بەرەنگاری و غیرەت هەروا کوردی هەموو بەشەکان و هەموو دونیا لە دەوری نەفیر عامی کوردایەتی کۆدەکاتەوە، کەچی لەم دۆخە ناسکەی یەکێتی نەتەوەییدا ئێمە گلەیی و شین و شەپۆڕ دەبینین ، گوایە دەبوایە رۆژئاڤا وای بکردایە و دەبێ لە باشووردا واوە بچونایە و قەسەد وا چوبا و هەسەد وابکات .
هەڤاڵینە و خزمینە!
ئێمە لە رەوشی هەستیاری هاوهەڵوێستی و پێکەوەیداین. دۆخەکەی ئێستا هی ئەوە نییە سەروگوێلاکی یەکتری بکوتینەوە و سەنگەر لەیەک بگرین. دوژمنمان زۆر و زەبەندن، باشترە تواناکانمان لە بەرەنگاری ئەواندا سەرف بکەین،نەک کەتیبەی ئیعدامی مۆڕاڵی و نیشتمانپەروەری بۆ یەکتری دابنێن.
لە ئەدەبیاتی قەدیمی چەپدا ئێژن ئەو کاک کارل مارکسە سەد تێبینی لەسەر کۆمۆنەی پاریس هەبوو ، بەڵام کە لێیان قەوما هەموو رەخنە رادیکاڵەکانی خستە لاوە و هانیدان لە پاریسەوە بەرەو کۆشکی ڤێرسای بڕۆن کە ناوەندی حکومەتی کۆنەپەرست و پادشایی فەرەنسای لێ بوو.
لە ئەدەبیاتی فیقهی ئیسلامیشدا فیقهی ئەولەویات هەیە کە مانای هیممەت و دەسگیرۆیی کاتی تەنگانەش دەگرێتەوە.
واز لە کەتیبەی ئیعدام بێنن، ئێمە لەم لێقەومانەدا (کە پێشتر تایتڵم بۆی هەبوو : مەسەلەی کوردە و لە کورد قەوماوە) هەموو کۆششێکی میللیمان گەرەکە.
کاتی فەرمانە و رەخنەکان و وتی وتی بۆ کاتی شێنەیی هەڵبگرن .