.
02:33 PM - 15/01/2026
رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی، نوێترین ئاماری گەڕانەوەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاكانی تری عیراق بڵاودەكاتەوەو ئاشكرای دەكات، لە سێ مانگدا نزیكەی 65 هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوەو زیاتر لە 100 هەزار ئاوارەش لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا ماون.
ئۆلكا برزنكوڤا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی (IOM) رایگەیاند، لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی ڕابردوودا 64 هەزار و 818 ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان لە ناوەڕاست و باشووری عیراق. زۆرینەی ئەو ئاوارانەش پێش گەڕانەوەیان لە هەولێر، سیمێل، كەركوك، دهۆك و ئاكرێ نیشتەجێ ببوون.
بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی، 81%ـی ئاوارەكان لەناو كۆمەڵگە نیشتەجێكاندا دەژین، 11%ـی یان لە كەمپەكان و 8%ـیان لە شوێنی نەشیاودان. هاوكات كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عیراق ئاشكرایكردووە، 20 كەمپی ئاوارەكان ماونەتەوە كە هەموویان لە سنووری هەرێمی كوردستانن و 102 هەزار ئاوارە تێیاندا نیشتەجێن.
رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان تەئكید دەكەنەوە، هێشتا چەندین ئاستەنگ لەبەردەم گەڕانەوەی تەواوەتی ئاوارەكاندا هەنو نەبوونی سەقامگیریی ئەمنی بەتایبەت لە شەنگال، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانو خەرجنەكردنی قەرەبووی داراییو كێشەی دەرنەهێنانی بەڵگەنامە ڕەسمییەكان پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی خاوكردۆتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە