.
11:06 PM - 14/01/2026
خەلیل عەبدوڵڵا
كەریم كابان هونەرمەندێكی گەورەی كوردستانەو خزمەتی زۆری بەكاروانی هونەریی گۆرانیی كوردی كردووەو شوێن پەنجەی بەنوێكردنەوەو گەشەپێدانی ئەو هونەرەوە دیارە.
(كەریم جەلال مەحمود) ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیە و بە كەریم كابان ناسراوە. ساڵی 1927 لە گەڕەكی مەڵكەندیی شێخانی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
مامۆستا كەریم لەئامێزی بنەماڵەی كاباندا گەورە بووە، كە بنەماڵەیەكی دیارو ناسراوی شاری سلێمانینو چەندین كەسایەتیی گەورەی سیاسیو كۆمەڵایەتیو رووناكبیریو هونەرییان تێدا هەڵكەوتووەو خزمەتێكی زۆریان بەكاروانی تێكۆشانی كوردایەتیو هونەریو رووناكبیری كردووە.
مامۆستا كەریم كابان رۆڵەی ئەو ماڵباتە رۆشنگەرو رووناكبیرەیەو لەژێری شەپۆلی كاریگەری ئەوان بەگشتیو خانەوادە دەنگخۆشەكەیدا بەتایبەتی پەروەردە بووە، هەر لەقۆناغی خوێندنی سەرەتاییەوە خولیای هونەری گۆرانی بووەو بەشداری چالاكییە هونەرییەكانی قوتابخانەكەی كردووە.
ساڵی 1941 یەكەم گۆرانی وتووە. رادیۆی ئینگلیزەكان لەسلێمانیو رادیۆی كوردی بەغداو رادیۆی شۆڕشی ئەیلول سێ دەروازەی گرنگ بوون بۆ ئەوەی دەنگی كابان سنووری شارەكەی ببڕێتو لە سەرانسەری كوردستانی گەورەدا دەنگ بداتەوە.
دواتریش لە رێی تیپی مۆسیقای سلێمانیو كەناڵەكانی دیكەی دەنگو رەنگی میدیاو بەهۆی دەنگە بەسۆزو رەسەنەكەیەوە، زیاتر ناسراو جێگەی لەدڵ و دەروونی خەڵكی كوردستاندا كردەوە.
ئەم هونەرمەندە گەورەیە سەرباری خزمەتو بەخششە زۆرەكانی لەكایەی هونەردا، لە مەیدانی تێكۆشانی كوردایەتیشدا شوێنی دیارە و پیاوێكی كوردپەروەرو بەهەڵوێست بووەو هەر بۆیەش رووبەڕووی راونان و نەفیكردن بۆتەوە، بەڵام ئەوانە كۆڵیان پێنەداوەو لەگەڵ كاروانی تێكۆشانی كوردایەتی لەشارو شاخ رێی كردووەو خۆشترین گۆرانییەكانیشی (یاران وەسێتمو شەو) لە سەردەمی شاخو لەرێی تیپی مۆسیقاو رادیۆی شۆڕشەوە پەخشكرانو خەڵكی كوردستانیان سەرسام كرد.
ئەگەرچی مامۆستا كەریم كابان دەرچووی هیچ دەزگاو دامەزراوەیەكی هونەری نەبووەو نزیكەی بیست گۆرانیشی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خاوەن دەنگێكی رەسەنو ئەفسوناویو خاوەن سەلیقەو ستایلی تایبەتی خۆی بوو، بووە ئەو هونەرمەندە گەورەیەی كە جێی شانازیی هەموان بێت.
بەداخەوە ئەم هونەرمەندە گەورەیەی كوردستان لە رۆژی 14ی كانوونی دووەمی 2016 لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد،بەڵام بەهۆی خزمەتو گۆرانییە خۆشو دەنگە بەسۆزەكەیەوە هەمیشە بەنەمری ئەمێنێتەوە.
درودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكو پیرۆزی كابانی هونەرمەندی مەزن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە