.
11:54 AM - 14/01/2026
دۆزینەوەی سیگناڵێكی نهێنی 10 چركەیی كە لە گەردوونەوە دێت، زانایانی شۆك كردووە و پێشبڕكێ لەگەڵ كاتدا دەكەن بۆ تێگەیشتن لە سەرچاوە و سروشتی سیگناڵەكە.
دوو مانگی دەستكرد پشتڕاستیان كردووەتەوە، سیگناڵەكە لە دووری نزیكەی 13 ملیار ساڵی رووناكییەوە سەرچاوەی گرتووە، لە كاتێكدا زۆرترین ئەگەری گریمانە باس لەوە دەكات لە ئەنجامی تەقینەوەیەكی گەورەی ئەستێرەیی بووە كە روویداوە كاتێك گەردوون تەمەنی لە 730 ملیۆن ساڵ زیاتر نەبووە.
بەهۆی فراوانی گەردوونەوە، رووناكی ملیارەها ساڵ دەخایەنێت تا دەگاتە زەوی، واتە ئەم سیگناڵە ئاماژەیە بۆ رووداوێك كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەردەمی دروستبوونی گەردوون.
ئەم سیگناڵە بۆ یەكەمجار لە 14ی ئازاری 2025 لەلایەن مانگێكی دەستكردەوە تۆماركراوە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی زانستی هاوبەشی نێوان فەرەنسا و چین بۆ چاودێریكردنی تەقینەوە گەردوونییەكان.
توێژەران پێیانوایە ئەو سیگناڵە تەقینەوەی تیشكی گامایە كە وزەیەكی لەرادەبەدەر بەرزە و وا بیردەكەنەوە كۆنترین تەقینەوەی ئەستێرەیی بێت لە سەرەتای گەردوونەوە تائێستا كە بەڵگەی لەسەر كۆكراوەتەوە.
تیشكی گاما جۆرێكی نەبینراوی رووناكییەكی زۆر وزەبەخشە، كە بەهۆی تەقینەوەی ئەستێرەیی گەورەوە بەرهەم دێت و لە ئەنجامدا بڕێكی زۆر تیشكدانەوەی لێ بەرهەم دێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە