.
09:25 PM - 04/01/2026
یەدەگی غازی سەلمێنراوی وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە زیاتر لە دوو هەزار تریلیۆن پێ سێجا، عیراقیش لە پلەی پێنجەمی ئەو وڵاتانەدا جێگیر بووە كە خاوەنی زۆرترین بڕی ئەو وزەیە بووە و بەشێكی زۆری یەدەگی غازەكەشی لەسنووری هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانیە.
ناوەندی توێژینەوەكانی وزە كە بنكەكەی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكایە، راپۆرتێكی لەبارەی 10 وڵاتی عەرەبی بڵاوكردەوە كە خاوەنی گەورەترین یەدەگی غازن لە نێوان وڵاتانی ناوچەكە. لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، كۆی یەدەگی غازی سەلمێنراوی وڵاتانی عەرەبی بۆ 2 هەزار و 15 تریلیۆن پێ سێجا بەرزبووەتەوە، لە كاتێكدا لە ساڵی 2024دا بڕەكە هەزار و 997 تریلیۆن پێ سێجا بووە.
بەپێی خەمڵاندنەكانی ئۆیڵ و غاز جۆرناڵ، بۆ ساڵی 2025، وڵاتانی قەتەر و سعودیە و ئیمارات، كۆنتڕۆڵی سەدا 70ی یەدەگی غازی سەلمێنراوی وڵاتانی عەرەبییان لە دەستدایە.
قەتەر بە 842 تریلیۆن پێ سێجا لە پلەی یەكەمی لیستەكەدا ماوەتەوە، سعودیە بە 343 تریلیۆن پێ سێجا و ئیمارات بە 297 تریلیۆن پێ سێجا لە پلەكانی دووەم و سێیەمدا دێن، جەزائیر بە 158 تریلیۆن پێ سێجا لە پلەی چوارەم، عیراقیش بە 131 تریلیۆن پێ سێجا پلەی پێنجەمی لیستەكەی گرتووە، كەبەشێكی زۆری ئەو غازە لەسنووری پارێزگای سلێمانی و كێڵگەی غازی كۆرمۆرە لەچەمچەماڵ، بەمەش یەدەگی غازی هەرێمی كوردستان دەچێتە سەر نەخشەی وزەی وڵاتانی ناوچەكە.
هەروەها، میسر بۆ پلەی شەشەم بەرزبووەتەوە و یەدەگەكەی 63 تریلیۆن پێ سێجایە، كوەیت بە 62 تریلیۆن پێ سێجا لە پلەی حەوتەمدایە، لیبیا گەشەیەكی بەرچاوی تۆماركردووە و یەدەگەكەی گەیشتووەتە 61 تریلیۆن پێ سێجا بەوەش لە پلەی هەشتەمدایە، سوڵتان نشینی عومان بە 23 تریلیۆن پێ سێجا و یەمەن بە 16 تریلیۆن پێ سێجا لە پلەی نۆیەم و دەیەمی لیستەكەدان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە