کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پڕۆژەیاسایەكی نوێی ئەمریكا پشتیوانی بۆ پێشمەرگە و هەسەدە مسۆگەر دەكات

.

11:57 AM - 08/12/2025

 

 پڕۆژەیاسایەكی فراوانی بەرگری و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، مەرجی نوێ بۆ پێدانی بودجە بە هێزە ئەمنییەكانی عیراق دادەنێت، لە هەمان كاتدا گەرەنتی بەهێز بۆ كورد لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان دەستەبەر دەكات و، نەخشەڕێی داهاتووی واشنتۆن بۆ قەیرانی سوریا دیاری دەكات. پڕۆژەیاساكە بە روونی ئاماژە بەوە دەكات كە دەبێت هەسەدە بمێنێتەوە و بەشێك بێت لە چوارچێوەیەكی سیاسیی داهاتووی سوریا.پڕۆژەیاساكە كە بەشێكە لە پاكێجی ساڵانەی تەرخانكردنی بودجەی ئەمریكا بۆ كاروباری بەرگری، كۆتوبەندی تووند دەخاتە سەر شێوازی بەكارهێنانی هاوكارییەكانی ئەمریكا لەلایەن بەغدادەوە، لە بەرامبەردا پارێزبەندیی ئاشكرا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دادەنێت و تەئكید لە بەردەوامیی هاوكارییەكان بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەكاتەوە.

 

 بەپێی پڕۆژەیاساكە، ئەو كۆتوبەند و مەرجانەی ئەمریكا خستوویەتە سەر هاوكارییە ئەمنییەكان بۆ عیراق، ئەو بودجەیە ناگرێتەوە كە بۆ هێزی پێشمەرگە تەرخان كراوە. ئەمەش دووپاتكردنەوەی پابەندبوونی واشنتۆنە بە پاڵپشتیكردنی هێزەكانی هەرێمی كوردستان، تەنانەت ئەگەر مەرجی نوێش بەسەر دامەزراوە فیدراڵییەكانی بەغدادا بسەپێنرێت.لە بەڵگەنامەكەدا هاتووە، پێشمەرگە وەك هاوبەشێكی ئاسایشی نیشتمانی دەمێنێتەوە و نابێت بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانی نێو عیراقەوە، بودجەكەی دوا بكەوێت یان بلۆك بكرێت. پڕۆژەیاساكە بڕگەی وردی لەسەر سوریا و رۆژئاوای كوردستان تێدایە و، پێنتاگۆن پابەند دەكات بەوەی ساڵانە راپۆرتی ئاشكرا لەسەر هەزاران زیندانیی داعش بڵاوبكاتەوە ،كە لەژێر دەستی هەسەدەدان لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری رۆژهەڵاتی سوریا.


بەپێی پڕۆژە یاساكە، پێنتاگۆن دەبێت هەڵسەنگاندنی ورد بۆ دۆخی زیندانەكان، هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ ناردنەوەی زیندانییەكان و مەترسییە درێژخایەنەكانی زیندانەكان بدات، كە فەرماندە ئەمریكییەكان هۆشدارییان داوە ئەگەر چارەسەر نەكرێن، دەبنە خاڵی تەقینەوەی دۆخەكە.

 

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە