.
07:27 PM - 24/11/2025
دەلیل جەمال
هەڵبژاردنی پێشوەختە، کارتێکی سووتاو چونکە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم هەڵوەشاوەتەوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆتایی هاتووە، ئەوماوەیە درێژکرایەوە تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبەرن، لە ئێستادا هەردوو کۆمسیۆنەکە لەڕووی یاساییەوە هەڵوەشاونەتەوە کەوابوو، کێ هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات؟
ئەم بابەتە هێندەی سەرگەرمی ناو سۆشیال میدیایە هێندە بابەتێکی یاسایی و واقعی نییە و هیچی لێ شین نابێت و تەنها بۆ فەراغی نەبوونی قسەی جدی و هەنگاوی جدی فڕێدراوە.
کاتێک هەڵبژاردنی پێشوەختە مەحاڵ و نەگونجاوە، کۆکردنەوەی (٥٠+١) پەرلەمانی بۆ هەردوو هێزی یەکێتی و پارتی تاکە بژاردەیە، واتە بنەمای پێکهێنانی کابینەی دەی وەزاری دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمە، لەساڵی ٢٠٢٤
ئایا کام (٥٠+١) هەنگاوە دروستەکەیە؟
هەڵبەت هەرهێزێکی براوەی پەرلەمان مافی خۆیەتی پەنجا زاید یەک کۆبکاتەوە و حکومەت پێکبهێنێت. بەڵام کام پەنجا زاید یەکە؟
یەکێتی و پارتی دوو هێزی براوەی پەرلەمانن و زۆرینەن بەتەنها یەکێکیان ناتوانێت زۆرینەبێت، هەریەکێکیان لەدەرەوەی ئەوی دیکە هەوڵی درووستکردنی کوتلەی زۆرینەبدات و پەنجا زاید یەک کۆبکاتەوە هەوڵێکی قورس و گرانە، چونکە لە دیفاکتۆی هەرێمدا هەوڵ و هەنگاوێکی شکست خوارد و کەم مەودایە و چەندین کێشەی گەورە و ستراتیژی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لەقۆناغێکدا پارتی توانی لەگەڵ هێزی دیکە زۆرینە پێکبهێنێت، بەڵام دواجار نەیتوانی بەبێ یەکێتی کابینەکەی پێکبهێنێت، لەکۆتایشدا هاوەڵەکانی پارتی پارتیان لەنیوەی ڕێگا جێهێشت و یەکێتی مایەوە.
ئەم ئەزمونە بۆ پارتی نوێ نییە و دەزانێت پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی حکومەتێکی لەرزۆک و شکستخواردووە، ئەمەش پەیوەندی بە ڕەهەندی جوگرافیا و هێز قەڵمڕەوی سیاسی و نفوسەوە هەیە، بێگومان بۆیەکێتیش ئەم هەنگاوە هەمان دەرئەنجامی هەیە.
لەم دۆخەدا چی ڕێگە درووستەکەیە؟
بۆ پێکهێنانی کابینەی ١٠ یەکێتی و پارتی چەندین کۆبوونەوە و دانیشتنیان کردووە.
ئەوەی ڕوونە یەکێتی پێداگرە لە شەراکەتی ڕاستەقینە، لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە، وەنایەوێت وەک ڕابردوو لەحکومەتێکدابێت کە بەشێکی کارا و کاریگەر نەبێت تێیدا، یەکێتی بۆ شەراکەتی ڕاستەقینە، بەوردی پێناسەی ئەم جۆرە حکومەتەی کردووە، تەواوی کێشە و گرفتەکانی کابینەکانی پێشووی خستووەتە بەردەم پارتی، خواست و داواکاری خۆی بەڕوونی باس کردووە،
بەم پێوەرەبێت یەکێتی دەیەوێت ئەمجار بەڕاستی و لەجەوهەردا بەقوڵی بچێتە ناو کابینەی ١٠ی حکومەت. هەرچی لای پارتیە، دەیەوێت بەهەمان قیاس و سیناریۆی کابینەکانی پێشوو یەکێتی بەشداربێت، یەکێتیش بەتەواوەتی بەشداری و میوانداری حکومەتێک ڕەد دەکاتەوە کەنەخشی خۆی لەسەر نەبێت. چونکە یەکێتی نایەوێت هیچ بابەتێک بۆ دوای پێکهێنانی حکومەت جێبهێڵێت، دەیەوێت ئەوەی هەیە لەسەرمێزی گفتووگۆ باسبکرێت و ڕێکبکەون،
بۆچی پێکهێنانی کابینەی ١٠ بووبە گرێ کوێرە؟
پارتی دەزانێت قۆناغی ئێستای یەکێتی جیاوازە، ناتوانێت ئەوەی لەسەری ڕێک دەکەون دواجار لێی لابدات یان جێبەجێی نەکات، ڕێککەوتنی ئەم جارەی پارتی و یەکێتی سەرۆکی یەکێتی باڤڵ تاڵەبانی چاودێری دەکات، کەئەمەش بۆ پارتی بابەتێکی نوێیە و بەریەککەوتنێکە، لەماوەی ڕابردوودا دەکرێ توانیبێتی لەبەشێک لەخاڵەکانی ڕێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی پاشگەزبووبێتەوە یان جێبەجێی نەکردبێت. کەواتە قۆناغەکە بۆ یەکێتی و پارتیش نوێیە.
هەربۆیە کابینەی ١٠ ئاسان نایەتە درووست بوون، پارتی چاوی لە کابینەیەکە تەواوی سێکتەرە گرنگەکان و بڕیارەکان لای خۆی بێت، یەکێتیش لەڕێگەی سەرۆکەکەی بەڵێنی داوە، حکومەتێک پێکنایەت جیاوازنەبێت لە حکومەتەکانی پێشوو، حکومەتێک پێکنایەت کە یەکێتی بەقوڵی لەناویدا نەبێت و بەشێک نەبێت لەبڕیارەکانی.
گرێکە لە ژمارەی پۆست نییە، گرێکە لە چۆنایەتی حکومەتە
بەکوردی و بەکورتی پارتی هەمان قەوانی کابینەی ٩ی دەوێ، یەکێتیش کابینەیەکی دەوێت کە شەریکی بڕیار و ستراتیژی قوڵی حکومەت بێت.
گوتاری سێیەم لەنێوان گوتاری یەکێتی و پارتی.
لەبەردەم یەکێتی و پارتیدا تەنها ڕێگەی ڕاست و درووست سازان و ڕێککەوتنە، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای هەرێم لەڕووی ئابووری یاسایی و سیاسی هتد، ئەم کابینەی ١٠یە کاسەی پڕ هەنگوین نییە، چەندین کێشە و گرفتی قوڵی لەبەردەمە، لەقەیرانی دارایی ، وسیاسی، قەیرانی متمانە و نەبوونی بودجە و موچە هتد. پێویستە برەو بەگوتاری سێیەم گوتاری نیشتمانی و سازان بدرێت .گەر بەدیدێکی دروست سەیری بکەین ئەم بارەلارە ئەم حکومەتە پڕ لەقەیران و قەرزارە، بەتەنها پارتی یان یەکێتی ڕێکناکرێتەوە، دەبێت واز لە گوتاری هەڵچون و عینادی سیاسی بهێنرێت. گوتاری سێیەم برەوی پێبدرێت، ئەویش ڕاستکردنەوەی باری لاری حکومەت، دەربازبوون لەم قەیرانانە، سازان و خۆسازدان بۆ قۆناغێکی نوێ.
هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەنێوان شوناس و مامەڵەدا
وەک پێشتر وتم یەکێتی و پارتی بەتەنها ناتوانن حکومەتێکی تەندروست پێکبهێنن، ئەم هەوڵەش پێشتر لەلایەن پارتییەوە تاقیکرایەوە سەرکەوتوونەبوو.
جێگەی خۆیەتی یەکێتی لەم بابەتەدا واقعی تروو سیاسەتێکی باشی پەێڕەوکردووە، هیچ قۆناغێک نییە، یەکێتی هەوڵیدابێت بەبێ پارتی زۆرینەی پەرلەمانی درووست بکات، لەئێستاشدا کەپارتی زۆرینەی پەرلەمانی نییە، یەکێتی ئەوکارتە سوتاوەی وەک فشاریش بەکارنەهێناوە چونکە دەزانێت ئەگەر زۆرینەشی هەبێت بەبێ پارتی کارێکی مەحاڵە و حکومەتێک پێکدێت دەرئەنجامی باشی نابێت. بەڵام سەیرە پارتی گەرچی ئەم هەوڵەی تاقیکردووەتەوە، بەڵام ئێستاش هەمان هەوڵدەدات. ئەمەیە کارەساتەکە
با لەپارتی و یەکێتی گەڕێین دەکرێ بڵێین حەقی خۆیانە ئەو هەوڵەبدەن، بەڵام بابزانین هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەبن بەبەشێک لەم یارییە شکڵییە یان نەخێر هەوڵی پاراستنی پێگەو شوناسی خۆیان دەدەن؟
پارتی ئێستا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، وەک کارتی فشار بەرانبەر یەکێتی لەهەوڵدایە لەناو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن چەند پەرلەمانتارێک بخاتە ناو حاشییەی ئەجندای خۆیەوە
ئەم هەنگاوە دوو ڕەهەندی هەیە
١- کارتی فشەرە بەرانبەر یەکێتی، تا لەوڕێگەوە شتێ لەداواکارییەکانی کەم بکاتەوە، کەپێموایە ئەم کارتە بۆ ئێستای یەکێتی و بەتایبەت سەرۆکەکەی هیچ لەبابەتەکەناگۆڕێت و پێشموانییە هەنگاوێکی باشبێت بگرە لەوەها هەنگاوێک یەکێتی کارتی بەهێزتر بکاردەهێنێت، کەئەمەش دەمانباتە قۆناغێکی تر .
٢- لەئەگەری چونەپاڵی پارتی بۆ زۆرینەی (٥٠+١) ی پەرلەمان شتێک نامێنێت بەناوی ئۆپۆزسیۆن و پەوەش هەیە ئیتر بۆ هەمیشە لەگۆڕ دەنرێت وکۆتایی شوناسی ئۆپۆزسیۆنە، لەسەرووی هەموو ئەمانە بەتەواوی متمانە بە ئۆپۆزسیۆن لاوازدەبێت و تاڕادەی نەمانی متمانە بەئۆپۆزسیۆن لەلایەن خەڵکەوە، دوور مەڕۆ پارتی بۆ سڕینەوە و کۆتایی ئۆپۆزسیۆن و شکاندنی لەبەرچاوی میللەت ئەم کارەبکات.
خۆ ئەگەر هێزی ئۆپۆزسیۆن خۆی لەبەرانبەر چەند پۆستێک یان بڕی مادە ئەم کارەیکرد،دەبێت خۆی فاتیحای خۆی بخوێنێت. چونکە هیچ پێوەرێک نیە ئەم هەنگاوەی ئۆپۆزسیۆنی لاپەسەندبێت، ئەمەش بەبەڵگەی ئەو ئۆپۆزسیۆنەی چوویە ناو حکومەت بەکۆتایی هاتنی هاتەدەرەوە. هەموو ئەوڕێگایانەی ئۆپۆزسیۆن بۆ بەشداری لەحکومەت تاقیکرانەوە گەرچی زۆر شەرعییەتی دەتاشی بۆ بەشداریکردنی بەڵام سەرئەنجام شەرعییەتی میللەتی لەدەستدا.
ئێستا بژاردەی بەردەم یەکێتی و پارتی
سازان و ڕێککەوتنە لەچوارچێوەی کارنامەیەکی واقعی، کەئەمەش دەبێتە هەنگاوێک بۆ یەکڕیزی نیشتمانی و کۆدەنگی کورد لەبەغدا، بەغدا ئێستا بەهێزترە، چەندین کێشە و گرفتی قۆڵ هەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تەحەدییەکان، هەوڵ و پیلانەکانی دژ بەهەرێم پێویستە یەکێتی و پارتی نیشتمانیانە سەیری دۆخەکەبکەن، ڕاستکردنەوەی باری لاری حکومڕانی تەنها بەپارتی ناکرێت، پارتی بەبێ یەکێتی و ئەوانی دیکە لەبەغدا هیچی پێناکرێت. لەپێناو ژیان و گوزەرانی خەڵک لەپێناو مادە دەستووریەکان و حەق و حقوقی خەڵکی کوردستان، پێویستە یەکێتی و پارتی ڕێکبکەون و کابینەی ١٠ کابینەی دڵخوازی خەڵک و یەکێتی و پارتی بێت...
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە