.
09:36 PM - 13/11/2025
ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و سەرۆكی هاوپەیمانی یەكێتی خەڵكی نەینەوا پەیامێكی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی جەماوەری ئازیزیان لە پارێزگای نەینەوا كرد و تێیدا رایگەیاندووە، خەڵكی ئەمەكداری پارێزگای نەینەوا، سوپاسگوزاری كەمە لەئاست هەڵوێستی جوان وپشتیوانیتان لەلیستی (یەكێتی خەڵكی نەینەوا) لە ماوەی رابردوو لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە سەرجەم قەزا و ناحیەكانی پارێزگاكە، و لەلایەن هەموو ئاینزا و مەزهەب و پێكهاتەكان لە پارێزگای نەینەوا.
هەروەها ئاراس محەمەد ئاغا دەڵێت، سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەتان دەكەین لە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە سەردانەكەیدا بۆ پارێزگاری نەینەوا و سوپاسی ئەو خۆشەویستی و پێزانین و ڕێزەتان دەكەین كە بۆتان دەربڕی.
ئاراس محەمەد ئاغا ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەموو ئەو هەڵوێستە برایانە و نیشتمانپەروەرانەی خەڵكی پارێزگای نەینەوا، لە هەموو ئاست و مەزهەب و ئایینەكانەوە، بەبێ هیچ جیاوازی و جیاكارییەك، بەرزدەنرخێنین.
راشیگەیاندووە، جەماوەری موسڵ جارێكی تر پابەندبوونی خۆیان بۆ لیستی (یەكێتی خەڵكی نەینەوا )نیشان دا، دوای ئەوەی لە ناوەندی شارەكەدا هەزاران دەنگی بەدەستهێنا. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو ڕەسەنایەتی و مێژووە بەخشندەیەی كە خەڵكی موسڵ بە درێژایی مێژوو پێی ناسراون، بەتایبەتی كە مێژوویەكی پڕ لە دەستكەوتی كولتووری و زانستی و مێژوویی و ئەدەبییان هەیە. ئاراس محەمەد ئاغا ئاماژەی بەوەداوە، دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، پیرۆزبایی لەو كاندیدانە دەكەین كە دوو كورسی پەرلەمانی عیراقیان بەدەستهێناوە، لە هەمان كاتدا هەوڵی كاندیدەكانی تر و دەنگدەرەكانیان و لایەنگرانی دڵسۆزیان بەرز دەنرخێنین لە پاڵپشتیكردنی لیستی یەكێتیی خەڵكی نەینەوا.
ئاراس محەمەد ئاغا دەشڵێت، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە هاوپەیمانی (یەكێتی خەڵكی نەینەوا) بە گشتی، و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تایبەتی، پابەند دەبن بەو بەڵێنانەی كە بە دەنگدەران و لایەنگرانی دابوو، پشتیوان و داكۆكیكار دەبێت بۆ مافەكانی پارێزگای نەینەوا و هەموو هاووڵاتیانی پارێزگاكە ، دوور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبی و تائیفی و ئایینی.
تەئكیدیشیكردووەتەوە ئەوان لە ژێر چاودێری سەرۆك بافڵ كاردەكەین بەهەمان رێبازی سەرۆك مام جەلال لە بەغداد بەسیاسەتی چەپكە گوڵە هەمەرەنگەكە، لە خزمەتی نیشتمانە خۆشەویستەكەمان، عیراق، و بۆ ئاسایش و سەلامەتی و سەقامگیرییەكەی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە.
لە كۆتاییدا بەڵێن و پابەندبوونمان دووپات دەكەینەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاردەكات بۆ خزمەتكردنی نیشتمانە خۆشەویستەكەمان، گەلەكەمان، دەنگدەرانمان، و دەنگدەرانمان لە نەینەوا، بۆ دەستەبەركردنی مافە ڕەواكانیان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە